زەنگ
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان دۆخی كرێكارانی تێكداوە و بەهۆیەوە چەندین كەس بێ كاربوون.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمان:
پەیامی پشتیوانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كرێكارانی كوردستان.
ئەمڕۆ ١ی ئایار، جەژنی كرێكارانی جیهان، لە كرێكاران و خاوەن پیشەكانی هەرێمی كوردستان پیرۆز دەكەم. یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە لەلایەن كرێكاران، هاوكاتە لەگەڵ شكستی حكومەتی هەرێم لە سەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتیش بواری پیشە و كارو پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو دابینكردنی كار بۆ كرێكاران و چین و توێژە جیاوازەكان، ئەمەش وای كردووە ژمارەیەكی یەكجار زۆر كرێكار بێ ئیش و كار بن.!
لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا، لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان سەرقاڵی داڕشتن و ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو بوون بۆ پاریزگارییكردن لە مافەكانی كرێكاران، پڕۆژەكەش ڕەشنووسی یەكەمی تەواوكراو ئامادەی پەسەندكردنی بوو. بە پێی ئەو پڕۆژەیە، كرێكارانی كوردستان مافی كارو ژیان و گوزەرانیان گۆڕانێكی گەورەی بەسەردا دەهات. بەڵام بەداخەوە بەهۆی پەكخستنی پەرلەمان، پڕۆژەكەش پەكخرا.! بۆیە كرێكاران و خاوەن پیشە و ڕەنجدەران، مافی خۆیانە لەم ڕۆژەدا، لەبری یادكردنەوەی ڕۆژی بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەكانیان، نیگەران و توڕە بن لەم حكومەتە شكستخواردووە.!
دوبارە لەیەكی ئایاردا، بەناوی خۆم و پەرلەمانی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لەو چینە بەش مەینەتییەی هەرێمی كوردستان دەكەین و خۆمان بە پشتیوان و پارێزەری راستەقینەی مافە ڕەواكانیان دەزانین.
د. یوسف محەمەد سادق
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
١ی ئایاری ٢٠١٧
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک