ئۆپەرێتی چنار و ھێمن



ئه و دوو منداله ی كه له زستانی سالی 1992 دا و له رۆزی 7/1 دا كیانیان بەخشی و بوون به سونبولی به روه رده و زانست لە شارۆجكه ی سید صادق


نوسینی:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی 

منداڵان پێکەوە خەریکی یاریی کردنن  لەسەر شانۆکە.
دارا:ھاوڕێیان دەزانن خوێندن چرای ژیانە و ڕێگەی تاریکمان بۆ ڕووناک دەکاتەوە.
شەن:ڕاستە ئەوەتا ئێمەش بەخۆشییەوە دەچین بۆ قوتابخانە و دەخوێنین.
سێوە:منیش ئێستا لە باخچەم حەزدەکەم وەکو ئێوە بچمە قوتابخانە.
شەن: باشە باخچەکەی ئێوە ناوی چییە؟
سێوە:
 باخچەکەمــان رەنگینە 
ھــەر قاقـاو پێکەنینە
خۆشە و جــوانە و رازاوە
باخچـەی (ھێمن)ی ناوە
سێوە:ئەی قوتابخانەکەی ئێوە ناوی چییە؟
شەن: قوتابخانەکەم 
        ناسراو  و دیارە
       ھەمــوو بیزانن 
       نــاوی (چنارە)
کۆرس:
قوتابــــخانەی چنــار و
 باخچە جوانەکــەی ھێمن
دوو جێگەی ناو ئەم شارەن 
بۆ پەروەردە و بۆ خـوێندن
منداڵێک: خۆزگە دەمزانی بۆچی کە ناوی ( چنار و ھێمن) دەھێنین باوکم و دایکم بێدەنگییەک دایان دەگرێت و ھەناسەیەک ھەڵدەکێشن..چونکە لانەی خوشکم لە باخچەی ھێمنە و منیش لە قوتابخانەی چنارم.
دارا: منیش ئەو ڕۆژە لە مامۆستا جەمالم پرسی ئەویش دوای ئەوەی کە تەماشایەکی کردم وتی گوڵەکەم  چیرۆکێکی دوور و درێژی ھەیە ،ڕۆژێک بۆ تۆ و ھاوڕێکانیشتی دەگێڕمەوە.
شەن: ئەی بۆی نەگێڕانەوە؟
دارا: با ...بۆی گێڕاینەوە؟
(لێرەدا چەند کەسێکی تر ئەگەر گەورەش بن باشترە دەردەکەون و نمایش دەست پێدەکاتەوە.)
یەکەم:
شاری جوانی سید ێادق ........  .شارێکە لەم ھــەرێمە
خۆش و دڵگیرە و ئـازیز..........خــۆشەویستە لای ئێمە
دووەم:
شــاری ڕازاوەی شەم و .....شاری وەلی دێوانە
لە جەرگەی شارەزوورا......وا ئێستا ئاوەدانە
سێیەم:
ساڵانێک بوو ئەم شارە......مەنزڵگەی ئاوارە بوو
کێ دوژمن دەری دەکرد......میوانی ئەم شـارە بوو
چوارەم:
لە ســـاڵی نەوە و دوودا.....کۆمەڵێک میوان ھاتن
لەناو شار و چوار دەوری...نیشتەجێ بوون دانیشتن
پێنجەم:
ساڵی نەھامەتی و مەرگ....ساڵی کۆڕەوی کوردان
نابێت لەبیری بکـــەین...ھەتا ماوین لە ژیان
یەکەم:
زستانێکی ســەخت بوو.....بەفر و باران دەباری
لەگەڵ ئەوەش نەبوونی...خۆی کردبوو بە دیاری
دووەم:
کۆمەڵێک کەسی دڵســــۆز....وەک ئەرکی نیشتمانی
بوون بە مامۆستا و خەمخۆر...بۆ شــــار و منداڵانی
سێیەم:
تا ئەلفوبێی خوێندن و ...خۆشەویستی کوردستان
فێری منداڵان بکــــەن....تا سـەرکەون لە ژیان
چوارەم:
بە زانســـت و زانیاری......منداڵانیان گۆش دەکرد
بۆ ئەوەی کە گەورە بوون ....دڵسۆز بن بۆ گەلی کورد
پێنجەم:
ڕۆژێکی ســەرماو بەفر...منداڵان ھــــاتنە دەر
قوتابخانەیان جێھێشت..ڕێگەی ماڵیان گرتەبەر
دوای ماوەیەک منداڵان..کەســیان نەمان لەو ناوە
تەنھا چـــنار و ھێمن ..مابـــوون بەناو ڕێگاوە
بەفر و سەرما ڕێگربوون....کە ئەو خوشک و برایە
بگەنەوە مـــــــاڵەوە...بۆ ناو بــــاوەشی دایە
یەکەم:
چناری لێو بە خەندە و.... ھێمنی جوان و ڕۆح سووک
دوو منداڵ بوون ئاوارە.......نەشمیلە و ژیر و بچووک
چنار زانی کـــە ھێمن... تەواو لە گۆ کــــەوتووە
ھێزی ھیچ تیا نەماوە و....پەنجەی جوانی سڕ بووە
باوەش پێداکــــردوو...دەستیشی کرد بە گریـــان
بێگەردییان تێکــەڵی.. ..بەفرەکە کرد ھەردووکیان
دووەم:
وا ئیتر لــــــەو  ڕۆژەوە....ناوی چــــــــنار و ھێمن
بوون بە سـونبولێکی جوان..بۆ زانســــــت و بۆ خوێندن
وەک دوو پەپولەی رۆح سووک...شەنگ و نەشمیلە و نازدار
ناویان وەکو ئەســــــتێرە...دیارە لە ئاسمانی شــــار
سێیەم:
ئێستا لە دەروازەی شـــار.....بۆ ئــەم دوو پەپولەیە
تا ھەمیشــــە لە یاد بن....پەیکـەری ئەوان ھــەیە
تا ھەمــوو کەس بیزانێت...کــــەوا چـــنار و ھێمن
دوو مـنداڵی شــــەھیدن...لەڕێی زانســت و خوێندن
قوتابخـــــانەی چنار و.... باخچە جوانەکەی ھێمن
دوو جێگەی ناو ئەم شارەن....بۆ پەروەردە و بۆ خوێندن
کۆرس(کۆمەڵێک منداڵی باخچە  دەر دەکەون و پێکەوە  ئەم گۆرانییە دەڵێن و لەسەر پارچە کارتۆنێک نوسراوە ( باخچەی منداڵانی ھێمن) .): 
ژیکەڵە و بچکۆلانەین.........خونچەی ئەم باحچە جوانەین
دڵ پڕ لە ھیوای مەزن ........ھاتووین بۆ باخچـــەی ھێمن
دادە و مامۆسـتاکانی........ زۆر بـــە نــــــەرم و نیانی
ئێمەی بچوک دەدوێنن........بەســـــــــۆز دەمان لاوێنن
چیرۆک و ئامۆژگــاری....... ھۆنراوەی خۆش ،زانیـــــاری
دیاری دەستی ئەوانن........ بۆ ئێمەی ژیــــر و جــــوانن
کۆرس(کۆمەڵێک قوتابی دەردەکەون و لەسەر پارچە کارتۆنێک نوسراوە(قوتابخانەی چنار)  و ئەم گۆرانییە دەڵێن): 
ئێمـــەی منداڵ قــــوتابی..........قوتابخـــــانەی چنــارین
ھەمــوو ھاتووین بۆ خوێندن.........چــالاک و وریا دیـــــارین
ھــەوڵ و تێکۆشــــانی زۆر..........دەکەینە کــار و پیشــــــە
تا ئاســۆمان گەش دیاربێ و..........ســەرکەوتووبین ھەمیشـــە
مامۆستاکـــانمان ھەمـــوو..........دڵسۆزمـــانن بۆ خـــوێندن
ڕێنیشـــــاندەری ئێمـــەن..........بەرەو لوتکەی سەرکـــەوتن
رێزی مامۆســـتاکانمـــان..........لەئەســتۆی ھــەموواندایە
خۆشـــەویست و خەمخـۆرن..........ھەروەکـــــو بابــە و دایە
بەڵێن دەدەین کۆڵ نــەدەین..........بخوێنین ژیــروچـــــالاک
ھەتا لە پاشــــــــەرۆژدا..........سوودمەند بین بۆ گەل و خاک
ئێستاش لە ســـایەی ئاڵای..........شەنگی ئەم کوردســـــتانە
سرودو گــــــــۆرانی خۆش ..........دەڵێینەوە ڕۆژانــــــــــە


بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک