بۆ ئه‌وانه‌ى بوك و خه‌سون... چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ يه‌كترى ده‌كه‌ن


زەنگ

دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی باو هەیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردەواری بەتایبەتی ئەویش کێشەی نێوان بووک و خەسوو و خەزورە, کە زۆر جار کارەکە دەگاتە ڕادەیەک چارەسەری نامێنێت و دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڕێز و خۆشەویستی خێزانەکە و بە جیابوونەوە کۆتایی دێت.

ئەم کێشەیەش لە ئەنجامی لێک تێنەگەیشتنی هەردوولایەن واتە ماڵی خەزوران و بووک دروست دەبێت چونکە هەر لەو کاتەی کچەکە مارەی ئەبڕێت لە کوڕی خەسوو خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕی خەسوو و پرتەو بۆڵەی ئەوان, لە ڕاستیدا ئەگەر کەسێکیش خۆی ئامادەکردبێت بۆ شەڕ ئەوا بە سەیر کردنێکی لار کوتەک ئەوەشێنێ و دەیکات بەو شەڕەی کە خۆی ئەیەوێت ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هەستیاریەوە دروست دەبێت کە هەر لە تەمەنی هەرزەکاریەوە ئەوە لە مێشکی چەسپاوە کە خەسوو باشیان تیانیە, کە خۆی لە ڕاستیا وا نیە, چونکە هەڵس و کەوتی ئەو کەسەی کە هاتۆتە ئەم ماڵە نوێیە دەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا ماڵی خەزورانی لەگەڵی باش بن یان نا.

چونکە زۆرێک لە بووکان ئەبینین کە خەسوویان لە شوێنی دایکیان داناوەو زیاتر لە دایکیان خۆشیان ئەوێت چونکە ئەزانن خەسوەکەیان بۆ ئەو دڵسۆزترە لە دایکیان.
وە بە پێچەوانەشەوە لە ڕوانگەی زۆرێک لە خەسووەکان بووک چاکیان تیا نیە, ئەمەشیان لە ڕستیدا وانیە, ئەی ئەگەر وایە چۆن ئەو خەڵکە ژیان دەگوزەرێنێت و بەڕێوە ئەچێت؟ چۆن زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی کەم دەرامەتیانەوە ناتوانن ماڵی سەربەخۆ بکەن و بێ کێشە لەماڵی خەزورانیان ژیان بەسەر دەبەن و خاوەنی مناڵن؟ ئەی زۆرێک لەو خەسوانەتان نەدیوە بوکەکانیان لە شوێنی کچەکانیان داناوەو بێی ئەوان ئاویش ناچێتە خوارەوە لە گەرویان؟

بۆیە پێویستە دایک و باوکان یارمەتی دەرو ڕێ نیشاندەری نەوەکانیان بن چونکە ئەوان خاوەن ئەزموونی ژیانن هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان ئەم دوو گەنجە بدەن بەشێوەیەکی دروست و بەپێی ئەزموونی ژیانیان نەوەک کێشەیان بۆ زیاد بکەن, لەبەر ئەوەی بە گەورەکردنی کێشەکان ئاسودەیی دەروونی لەماڵەکەیان لادەدەن و وا دەکەن کوڕەکەی خۆشیان لە ژیانێکی نا ئارامدا بژی ئەگەر هاتوو دایک و باوک (خەسوو خەزور) بەشێوەیەکی ژیرانە مامەڵیان نەکرد و چارەسەری کێشەکانیان نەکرد ئەوا با بزانن یەکەم دوژمنی کوڕەکانیان ئەوانن.

هەموو کێشەیەک چارەسەری هەیە. ئەگەر هاتوو کێشە بەشێوەیەکی بابەتی مامەڵەی لەگەڵ کرا و بەشێوەی پرسیار وەڵام درایەوە دڵنیابە ئەگەیتە چارەسەری کێشەکە و بە ئاسانی ئەتوانی چارەسەری کەی بۆ نموونە کاتێک تۆ ئەڵێی من ڕقم لەم بووکە یان خەسووم ئەبێتەوە, پرسیار لەخۆت بکە ڕقت لەچی ئەو ئەبێتەوە؟ بێگومان هەموو مرۆڤێک ڕەوشتی باشی هەیە تۆ ناتوانی بڕیار بدەی کە هەموو شتێکی هەڵەیەو بە دڵی تۆ نیە.

کاتێ دۆزیتەوە رقت لە کام هەڵس و کەوتەیەتی ئەوکات ئەتوانی پێی تەرک بەی بەشێوەیەک کە خۆشی هەست نەکات, یاخوت ڕاستەخۆ پێی بڵێ بە شێوەیەکی جوان.. ئەم هەڵس و کەوتەی تۆ ئەزیەتم ئەدات تاوەکو بتوانی دووبارەی نەکاتەوە.

یاخود کاتێک کارێکی باش ئەنجام دەدات دەسخۆشی لێبکەو سوپاسی بکە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەو کارانەی تۆ پێت خۆشە وزیاتر ڕێزت بگرێت, چونکە تۆ بەو سوپاس و دەسخۆشیە پاداشتێکی دەکەی کە هیچی تێناچێت و ماندووبوونی لەبیرئەبەیتەوە.

کاتێک هەڵەیەکی بچوک لە نێوانتان ڕوودەدات چاوپۆشی لێبکەن و لێک ببورن تاوەکو نەبێتە هەستیاری لە نێوانتان و کێشە دروست نەبێت و گەورە نەبێت.

ئەگەر هاتوو بووکەکەت نەیزانی چێشت لێنێت پێویستە فێری بکەی, ئەگەر نەیزانی ماڵ پاک کاتەوە هەوڵبدە لەبەرچاوی پاکی کەیەوە تاوەکو ئەویش چاو لەتۆ بکات و فێربێت چۆن ئیشەکانی ماڵەوە بکات, ئەگەر هاتوو بەگوێرەی پێویست نەیتوانی بایەخ بە مێردەکەی بدات پێویست یارمەتی بدەی و فێری بکەی چونکە تۆ دایکی مێردەکەی ئەوی و خاوەن ئەزموونی. بە فێرکردنی خێزانی کوڕەکەت ژیانێکی ئاسودەی بۆ ئامادە دەکەی.

هەروەها سەبارەت بە بووکیش بەهەمان شێوە پێویستە لەسەر بووک ڕێزی خەسووی بگرێت وەک ژنێکی بە تەمەن و دایکی مێردەکەی, ئەگەر لێت ناڕازی بوو چێشتی بۆ لێنێ قاپەکان کۆکەرەوەو بیانشۆ, تا شانازیت پێبکات بووکێکی چاکی, ئەگەر هەر بەمەش ڕازی نەبوو جلەکانی بۆ بشۆ و بۆی ئوتووکە, یارمەتی بدە لە ئیش و کاری ناوماڵ, ڕاستیەک هەیە پێویستە بیزانیت کە مرۆڤ کەوتە تەمەنەوە خانەکانی مێشکی لاواز دەبن و زۆر جار وەک مناڵ پێویستە نازی بکێشرێت هەروەک چۆن مناڵ دایم ئەگری و زۆر شت هەیە داوای ئەکات مرۆڤی بە تەمەنیش بە هەمان شێوە بە پرتەو بۆڵە دەری ئەبڕێت و داوای ئەکات.

پێویستە تۆی بووک و خاوەنی هێزو و توانا گوێ لە داواکاریەکانی ئەو پیرە کەمتوانایەنە بگریت کە دایک و باوکی مێردەکەتن و دایک و باوکی دووەمی تۆن داواکاریەکانیان جێ بەجێ بکە هەروەک چۆن کاتێک دایک و باوکی خۆت پێویستیان پێت بێت ئەچی بە دەمیانەوە و داواکاریەکانیان جێبەجێ ئەکەی وەک کارێکی مرۆڤانەو ئەرکی سەرشانت,
جا بۆ بنەبڕ کردنی کێشەو زیادبوونی ڕێزو و خۆشەویستی لای مێردەکەت پێویستە وا نەکەی مێردەکەت خەجاڵەت بێت لەبەردەمی دایک و باوکی و جێگای شانازی بیت بۆ ئەو تاوەکو مێردەکەشت رێز لە باوک و دایکی تۆ بگرێت و ژیانێکی ئاسوودە بەسەر بەرن بەیەکەوە, بەهیواین هەموولایەک بێکێشە بن و ئارامی جێگای ڕق و کینەو ئاژاوە بگرێتەوە.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک