ڕێگا پلاستیکییەکان جێگەی رێگا ئاساییەکان دەگرنەوە.

بە شێوەیەكی ئاسایی لە ماوەی زیاد لە (100) ساڵی رابردوو، قیر وەكو ماددەیەكی سەرەكی لە دروستكردنی رێگای ئۆتۆمبێل بەكارهاتووە، بەڵام بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەكی هۆڵەندی دیزاینی رێگایەكی دروستكردووە كە لە جیاتی قیر، بە پلاستیك دروست دەكرێت.

كۆمپانیای (VolkerWessels)ی هۆڵەندی بە هاوكاری دامەزراوی زانستی (KWS Infra)، دیزاینی رێگایەكیان كردووە كە، بە پلاستیك دروستدەكرێت و تەمەنی سێ‌ ئەوەندە لە جادە ئاساییەكانی ئێستا زیاتر دەبێت.

كۆمپانیاكە خاڵە باشەكانی پرۆژەكە باس دەكات و دەڵێت: رێگاكە بەرگەی تێكچوون و داخوران و پەستانی زۆر زیاتر دەگرێت لەوەی رێگا ئاساییە قیرییەكان دەشێوێنێت، هەروەها بەرگەی گۆڕانی پلەی گەرما لە نێوان (40) پلەی ژێر سفر تا (80) پلەی سیلیزی دەگرێت.

ئەمە جگە لەوەی سیانەكردنی نزیكە لە سفرەوە، ئەگەر لە شوێنێكدا پێویستی بە سیانە هەبوو، ئەوا ئەو پارچەیە لادەبرێت و پارچەیەكی دیكە دەخرێتە شوێنی، ئەمەش ئیشی چەند رۆژێك بۆ چەند سەعاتێك كورت دەكاتەوە، تێچووی لە نەخشەی درێژخایەندا كەمتر دەبێت لە رێگای  قیریی ئاسایی.

هەروەها دروستكردن و راكێشانی ئاسانە و دەتوانرێت كۆنترۆڵی بڕی زبری و هێزی لێكخشاندنی جادەكە بكرێت لەگەڵ تایەی ئۆتۆمبێلەكان و بەوەش گیانی هەزاران كەس لە رووداوەكاندا دەگێڕێتەوە، دەتوانرێت بە پێی زبرییەكەی، ئاستی بەرزترین خێرایی رێپێدراوی لە ناوچە جیاوازەكانی وەك ناو شار و كەنار شار و رێگا خێراكانیش پێ‌ كۆنترۆڵ بكرێت.

هەروەها لە توانادا هەیە كۆنترۆڵی رەنگی رێگاكە بۆ مەبەستی جیاواز و هێڵ و نوسینەكانی سەری بكرێت و پێویست بە بۆیاخكردن و نوسینی رێنمایی و هێڵ كێشی ناكات، تەنانەت ئەوكات شۆفێر پێویستی بە تابلۆی رێنمایی نییە و هەرچی زانیارییەك هەیە لە رەنگی ستانداردی رێگاكە و رێنماییەكانی سەری دەستی دەكەوێت. بۆ نمونە: دەزانێت پێچ هەیە لە بەردەمی یان نا، یان دەزانێت لە كوێدا تێپەڕێن رێپدراوە و هەروەها...

سەرباری ئەوانە، دەتوانرێت لە نێو ئەم رێگا پلاستیكییانەدا بۆری ئاو و ئاوەڕۆ و كێبڵی كارەبا و تەلەفۆن و ئینتەرنێت رابكێشرێت، بەو شێوەیە خەرجییەكی زۆری ئەو بوارانە دەگەڕێتەوە. لە ئایندەشدا دەتوانرێت هەستەوەری تایبەتی پەستان و دەزگای چاودێری كردنیشی تیا دابنرێت.

وەك كۆمپانیای (VolkerWessels) دەڵێت: بەهێزترین خاڵی ئەم پرۆژەیە بریتییە لەوەی لە توانادا هەیە ئەم رێگایانە لە پلاستیكی ئاسایی یان تایەی کۆنی ئۆتۆمبێل دروستبكرێن و بەوەش ملیۆنان تۆن پلاستیك بەرهەم دەهێنرێتەوە و پیسبوونی ژینگە كەم دەبێتەوە.




































س.ت،م، خەلک
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی سه‌ردێر

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک