بەکارهێنانی هەڵەی پێداویستیەکان


لەسەردەمی ئەمڕۆماندا زۆربەی پێداویستیەکانی ژیانی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا هاتووە زۆرن ئەو پێشکەوتنانەی کە مرۆڤ بەدەستی هێناوە و خستوویەتیە خزمەتی مرۆڤایەتی و هەندێك لەو پێداویستیانە تازە بەرهەم هێندراون و چەند ساڵێکە دۆزراونەتەوە، هەندێکیان ساڵانێکی زۆرە بەرهەم هێندراون و بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، هەموو کەلوپەلەکانی دەوروبەرمان گۆڕانیان بەسەرداهاتووە گۆرانکاریەکانیش ئەوەندە خێرایە خەریکە مرۆڤ بیری بچیتەوە بۆچی بەرهەمهاتوون.
کۆمەڵگەی کوردیش بێبەش نەبووە لەم کۆڕانکاریانە و پێشکەوتنانەی لە جیهاندا روودەدەن زۆرێك لەو پێشکەوتن و بەرهەمانە بە هەمان شێوەی ولاتانی جیهان و بە هەمان ئەو کاتەی لە وڵاتانی جیهان بڵاودەکرێتەوە لێرەش بڵاو دەبێتەوە و دەکەوێتە بازاڕەکانەوە، بەڵام جێگەی داخە کە زۆربەی ئەو بەهەم و پێداویستیانەی کە بەر لێشاوی پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکان کەوتون خەریکە بیرمان بچێتەوە مەبەستی سەرەکی ئەو بەرهەمانە چی بووە و بۆچی بەرهەم هێندراون، بەشێوازێك بەرهەمەکان بەکاردەهێنین هیچ یەكناگرێتەوە لەگەڵ سروشتی ئەو بەرهەمە و ئامانجی بەهەم هێنانی زۆربەی ئەو پێشکەوتنانەی دێنە وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی ناهۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین بەشێوەیەك بەکاریان دەهێنین دوورە لە بەها مرۆڤایەتیەکان لە بری ئەوەی ببێتە هۆیەك بۆ خۆشگوزەرانی هەندێك جار دەبێتە هۆی کۆمەڵێك گرفت کە مرۆڤەکان خۆزگە دەخوازن ئەو ئامێرە یان ئەو پێشکەوتنە هەر نەبووایە نەهاتابوایە وڵاتەکەمان، کەسانێكی زۆر هەمیشە دەیانوێت وەکو وڵاتانی ڕۆژ ئاوا بژین بە داخەوە تەنها دەیانەوێت لاساییان بکەوەنەوە نەوەکو ئەوانیش وەکو ئەمان خەریکی دهێنانەکان بن و شتێك بۆ کۆمەڵگەو جیهان زیاد بکەن هەرکاتێك ڕەخنە لەو جۆرە کەسانە بگری یەکەم وەڵام کە وەری دەگری ئەوەیە “دەمانەوێت وەکو وڵاتانی پێشکەوتوو بژین” کەس لاری لەوە نییە کە لە ژیاندا سود لە پێشکەوتنەکان وەربگرین بەڵام بە بەکارهێنانی داهێنانە پێشکەوتووەکان نابینە کەسێکی پێشکەوتوو یان کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو چۆنیەتی بەکارهێنانەکان بڕیار دەدەن کە کەسێکی ین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووین.ئەگەر بمەوێت باسی یەك بەیەك و دانە بە دانەی ئەو پێداویستیە سەردەمیانە بکەم کە لە وڵاتەکەماندا هەیە و لەگەڵ پێشەکەوتنە جیهانیەکاندا بەرەوپێش چوون ئەوە کات و شوێنێکی زۆری پێویستە بۆ پێم باشە تەنها باسی دوو لەو پێداویستیانە بکەم کە ڕۆژ بەڕۆژ و سات بەسات پێشکەوتن و داهێنانیان تێیاندا دێتە کایەوە وە لە وڵاتەکەماندا بووەتە پێداویستیەك کە نەبوونی بووەتە ئەستەم ئەوانیش مۆبایل و ئۆتۆمبێڵە. هەموومان مۆبایلێکمان هەیە ئەگەر دوو یان سێ و زیاترمان نەبێت زۆربەمان ئاگامان لەوە هەیە کە چ کۆمپانیایەك چ ڤێرژن و نەوەیەکی نوێی ڕاگەیاندووە و نرخ و تایبەتمەندیەکەشی دەزانین بەڵام کەمێکمان دەزانین مەبەستی بەرهەم هێنانی مۆبایل چی بوو، پێش بەرهەم هێنانی مۆبایل پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان بە تەلەفۆنی ئاسایی ئەنجام دەدران کە بە وایەرێکی تەل دەگەیەندران بەڵام دوای بەرهەم هێنانی مۆبایل لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان بە بێ بوونی تەل ئەنجام دەدران هەرچەندە ئامێرێکی بە قەبارە تاڕاددەیەك گەورە بوو بەڵام داهێنانێکی گەورە بوو چونکە تەلەفۆنە جێگیرەکان گۆڕدران بۆ تەلەفۆنە گەڕۆکەکان ئامنجیش ئاسانکردنی گەیاندنی پەیوەندەیەکان بوو، داهێنانێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو بەڵام دوای چەند ساڵێك دەبینین کە ئەو ئامێرە گۆڕانێکی ئەو تۆی بەسەردا هاتووە کە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو ئامێرەی کە لەسەرەتادا بەرهەم هات، وڵاتەکەمان بێبەش نەبووە لە ڕەوتی ئەو پێشکەوتنەی بەسەر مۆبایلدا هاتووەبەڵام بۆ ئێمەی کورد کۆمەڵێك گرفتی بە دوای خۆیدا هێناوە کە ئەگەر بیرێك لە چەند ساڵێك پێش هاتنی مۆبایل بۆ وڵاتەکەمان بکەینەوە کۆمەڵگەی کوردی زۆر جیاوازبوو لەگەڵ ئێستای خەڵك هەرچەندە لە ڕووی دارایی لاواز بوون بەڵام ئاسودە بوون پەیوەندەیە کۆمەڵایەتیەکان پتەوتر بوو سەردانی کردنی خزمان زیاتر بوو کۆبوونەوە خێزانیەکان زیاتر بوو خۆشەویستی نیوان خزمان و هاوڕیکان و ئەندمانی خێزان بەهێزتر بوون، بەڵام دوای هاتنی مۆبایل ئەو پەیوەندیانە گۆڕانی بەسەردا هات کۆبونەوە خێزانیەکان گۆڕدران بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی نامە دەستیەکان گۆڕدران بۆ sms بەڵام دوای پێشکەوتنە تەکنەلۆژیە خێراکان ئەو پەیوەندیانە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕانی بەسەردا هات ئێستا لە هەر کۆبونەوەیەکی خێزانی چەند کەسێك خۆیان بە مۆبایلەکانیان خەریك کردووە لە هەر کۆبوونەوەیەکی خێزانی کەسێك یان دووان پەیوەندیەکیان بۆ دێت و لە کۆبوونەوەکە ساردیەك دروست دەکەن ئەگەر ماڵێك ئەنتەرنێتی وای فایان هەبێت ئەوە میوانەکەیان هەرزوو داوای ناو و وشەی تێپەڕەکەی دەکات بۆ کردنەوەی ئەنتەرنێت لەو ماڵە، لە راستیدا بۆ میوانی چووەتە ئەو ماڵە نەوەكو بەکارهێنانی ئەنتەرنێت،خەریکە مۆبایل شیرازەی کۆمەڵگە دەشێوێنێت زۆر لایەنی ژیان فەرامۆش کراوە هەر بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ناتەندروستی مۆبایل، بە هۆی خراپ بەکارهێنان و ناهۆشیاری لە بەکارهێنایدا زۆر جار کێشەکان ئەوەندە گەورەدەبن کە چارەسەرکردنیان ئەستەم دەبێت کێشەکان دەگاتە دادگاکان و سزای قورس بەسەر تاکی ئەم وڵاتەدا دەسەپێندرێت بە هۆی بەکارهێنانی هەڵەی ئەو ئامێرە بە داخەوە هەندێك جار بە دانیشتنە کۆمەڵایەتیەکانیش چارەسەر ناکرێت و کێشەکان سنوری دادگاکانیش دەبڕێت و دەبێتە هۆی هەڕەشەی کوشتنی مرۆڤەکان لەیەکتر و چەندین کێشە بە بریندارکردنی گیانی مرۆڤەکان و هەندێك جار بە کوشتن کۆتایی هاتووە، چەندین خێزان بە هۆی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل لەیەکتر هەڵوەشاونەتەوە منداڵەکانیان بێ دایك یان بێ باوك هەندێك جاریش بێ دایك و باوك ماونەتەوە، چەندین جار کێشە بە هۆی مۆبایل کەوتووەتە نێوان ئەندامانی یەك خێزان.پێشکەوتنی ڕۆژ بەڕۆژی مۆبایل کێشەی ڕۆژ بەڕۆژ تازەی بۆ ئێمەی کورد دروست کردووە گرفتی تازە لەگەڵ هەر نەوەیەکی نوێی هەر کۆمپانیایەك بۆ کورد دروست دەبێت ئەوەش بۆ خودی ئامێرەکە نییە بەڵکو بۆ خودی بەکارهێنانەکان دەگەڕێتەوە، هەندێك جار کێشەی زۆر گەورە بە هۆی گۆڕینی بەردەوامی مۆبایلەکانەوە ڕوودەدەن هەندێك کەس هەیە ئالودەی گۆڕینی ئامێرەکانی مۆبایل بوون و هەر نەوەیەکی تازەی بکەوێتە بازاڕ ئەوە مۆبایلەکەی خۆی لەوانەیە چەند مانگێك یان چەند هەفتەیەکە کڕیویەتی دەیگۆڕێت بۆ نەوە نوێیەکە بۆ ئەوەی ئەویش تاقی بکاتەوە کە ئەوە جۆرێك لە جۆرەکانی ئالودەبونە ئەوە کێشە بۆ خێزانەکەی دروست دەکات چونکە هەر جۆڕە مۆبایلێك بگۆڕێت بڕێك پارە زەرەر دەکات کە پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە ئەگەر کەسێك لە ڕووی داراییەوە کێشەی نەبێت ئەوە لە ڕووی دەرونییەوە ئالودەبوونە و کارێکی نا تەندروستە و توشی ئالودەبوون بووە بەڵام لەگەڵ ئەوە بارودۆخە ناهەموارەی کە ڕووی لە کوردستان کردووە تاڕاددەیەك ئەو دیاردەیە ڕووی لە کەمی کردووە، لەوانەیە ئەوانەی داهاتێکی مسۆگەریان هەیە کێشە بۆ ئەوانە دروست بکەن کە داهاتەکانیان سنوردارە.زۆرجار قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان یان قوتابیانی قوتابخانەکانیش توشی ئەو گرفتە دەبن کە ئارەزووی ئەوە دەکەن زوو زوو ئامێرەکانیان بگۆڕن بۆ نەوە تازەکان کە هاوڕیکەی هەیەتی و ئەویش ئارەزووی گۆڕینی ئامێرەکەی هەیە زۆربەی کات قوتابیان بێ کارن و خەرجیەکانیان لە خێزنەکانیان وەردەگرن ئەوکاتە هانا بۆ باوك یان دایك یان خوشک و برای لە خۆیان گەورەتر دەبەن بۆ کڕینی نەوەیەکی نوێی مۆبایل ئەگەر خێزان داوای منداڵەکەیان جێبەجێ بکەن ئەوە دەبێت لە خەرجی ماڵەوە کەم بکەنەوە بۆ داواکاری منداڵەکەیان ئەوە ئەگەر داوای منداڵەکەیان جێبەجێ نەکەن دیسانەوە کێشەیە چونکە هیچ دایک و باوکێك نایەوێت داواکاری منداڵەکەی جێبەجێ نەکات، زۆرجار ئەو گەنجانەی کە کاردەکەن زۆربەی ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت بە گۆڕینی جۆری مۆبایلەکانیان نابنە خاوەنی هیچ داهاتێکی هەڵگیراو، بە داخەوە هەندێك جار کێشە دەکەوێتە نێوان هاوسەرە گەنجەکان هەر بەهۆی گۆڕینە بەردەوامەکانی مۆبایل،خەریکە دیمەنی زۆر نەشیاو لەناو کۆمەڵگە پەیدادەبێت بەهۆی نەشیاوی بەکارهینانی مۆبایل کە کارەساتی زۆر دڵتەزێنی لە دواوەیە شۆفێرێکی زۆر هەیە لەکاتی شۆفێریدا خەریکی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە بەتایبەت لە ترافیکەکاندا یان لە ناوەڕاستی شەقام چەندین زیكزاك دەکات بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی و شۆفێرانی دیکەش بێت هەندێك لەسەر ئاراستەی خێرا زۆر بە لەسەرخۆیی دەڕوات شەقامێکی بە دوای خۆیدا قەرەبالغ کردووە کاتێك لایتی بەرزی بۆ لێدەدەی هیچ ئاگای لێنییە بە هۆڕن لێدانیش هەر ئاگای لێنییە کاتێك سەیر دەکەیت وا خەریکی مۆبایلەکەیەتی ئەوە هەمووی بە هۆی ناهۆشیایر تاکی کۆمەڵگەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی مۆبایل،ئەگەر باسی هەموو گرفتەکانی مۆبایل بکەین زۆرن بەڵام دەتوانین بڵێین کە هۆکاری زۆربەی کێشە و گرفتەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەزانین و هۆشیار نەبوونی کۆمەڵگەی کوردی لە بەکارهێنانی مۆبایل ئەوەندەی مۆبایلەکانمان بۆ یاری و بەرنامە (تەرفیهیەکان) بەکاردەهێنین ئەوەندە بۆ پەیوەندەیە تەلەفۆنیەکانی بەکارناهێنین چینێك لە ناو گەنجان هەن ئەگەر مۆبایلەکانیان دوا ڤێرژن یان دوا نەوە نەبێت بە عەیبی دەزانن، ئەگەر کەسێك مۆبایلێکی ئاسایی بەکاربهێنێت بۆ ڕایی کردنی کاری ڕۆژانەی ئەوە بە دواکەوتوو و نەزانی لەقەڵەم دەدەن چونکە کەسانێك پێیان وایە بەکارهێنانی مۆبایلی پێشکەوتوو و هۆشمەند مانای پێشکەوتن و ڕۆشنبیر بوونە ئەمانە هەمووی نمونەی زیندووی ناو کۆمەڵگەی کوردییە بە داخەوە وا خەریکە بیرمان بچێتەوە داهێنان و بەرهەمهێنانی مۆبایل سودە سەرەکیەکەی چییە ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە کۆیلەبوونی ئامێرێکی بچوکە ئالودەبوونی مۆبایلە نەوەك بەکارهێنانی مۆبایل جێگەی داخە لە کۆمەڵگەی کوردی ئەوەندەی گرنگی بە گۆڕینی ئامێری مۆبایل دەدەین نیوەی ئەوە گرنگی بە گۆڕینی شیوازی قسەکردنمان نادەین نیوەی ئەوە گرنگی بە مۆبایل دەدەین گرنگی بە چۆنیەتی بەکارهێنانی مۆبایل نادەین چارەگی ئەوە گرنگی بە سنوردارکردنی بەکارهێنانی مۆبایل نادەین.ئەگەر ئۆتۆمبێڵ بە نمونەیەکی دیکە وەربگرین ئەوە پێش ئەو داهێنانە گالیسکە بەکار دەهات کە ئەسپ ڕایدەکێشا بەڵام داهێنانی ئۆتۆمبێڵ کە بە شێوەیەکی سادە بەرهەم هێندرا کە خێرایی گواستنەوەی چەند بەرامبەر کرد دوای داهێنانی ئۆتۆمبێڵ گۆڕانێکی گەورە ڕویدا مەبەستی سەرەکیان خێراتر کردنی گواستنەوە بوو بەڵام دوای کۆمەڵێك گۆڕانکاری دەبینین کە ئۆتۆمبێڵ گۆڕانێکی زۆری بەسەرداهاتووە هەندێك لەو پێشکەوتنانەی لەناو ئۆتۆمبێڵەکان هەیە ئەگەر نەشی بێت ئەوە هەرکاردەکات و هیچ کێشەی نییە هەندێکیشیان کارەکان ئاسانتر دەکەن بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی گۆڕانکاریەکان زۆر خێرا و پێشکەوتوون بەڵام ئێمەی کورد خەریکە بیرمان دەچێتەوە کە خودی ئۆتۆمبیڵ بۆ گواستەنەوە بەرهەمهێندراوە ئەوەندەی گرنگی بە لایەنە لاوەکیەکانی ئۆتۆمبێڵ دەدەین ئەوەندە گرنگی بە سودەکانی خودی ئۆتۆمبێڵ نادەین لە کۆمەڵگەی کوردی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێڵ ئەوەندەی بۆ کەشخەیی و پیاسە و کات بەسەربردنە ئەوەندە بۆ گواستنەوە و خێراکردن و ڕایی کردنی کارەکان نییە، هەموو کەسێك مافی خۆیەتی کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێڵەی کە ئارەزوی دەکات لە جۆر و مۆدێل و ڕەنگ بەکاری بهێنێت بەڵام خۆ ناکرێت ئەوە لەبیرخۆمان ببەینەوە کە بۆ گواستنەوەیە بەڵام کێشەکان کە بەهۆی ئۆتۆمبێلەوە ڕوی لە کۆمەڵگەی کوردی کردووە زۆرن. چێنێکی کۆمەڵگە ئاڵودەی گۆڕینی جۆر و مۆدێل و ڕەنگی ئۆتۆمبێڵەکانیانن ئەگەر نەبووبێتە دیاردەش ئەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکان کە زۆربەیان گەنجن مانگی ئەگەر ئۆتۆمبێڵك نەگۆڕن ئەووە دوو مانگ جارێك ئۆتۆمبێڵەکانیان دەگۆڕن هەندێك کەس بووەتە پیشەیان هەرکاتێك مۆدێلێکی نوێی ئۆتۆمبێڵ هاتە بازاڕ ئەوە ئۆتۆمبێڵەکەی خۆیان دەفرۆشن و مۆدێلە تازەکە دەکڕن، بە هەمان شێوەی هەموو بابەتەکانی ژیان لەگەڵ تێکچونی باری دارایی و خراپی گوزەرانی خەڵك بە هۆی ئەو بارودۆخە ئەو دیاردەیە زۆر کەمی کرددوە چونکە داهاتەکان بەشی ئەوە ناکات تاکێك بتوانێت زوو زوو جۆری ئۆتۆمبێڵەکەی بگۆڕێت، زۆرێك لە ئۆتۆمبێڵەکان لە هەمان مۆدێل و هەمان جۆر تەنها بەهۆی جیاوازی ڕەنگەکەی بڕەپارەیەکی بەرچاوی جیاوازە بەراستی ئەوە مامەڵەیەکی ناتەندروستە لەگەڵ ئۆتۆمبێڵدا دەیکەین زۆر کەس هەن تەنها لەبەر رەنگ ئۆتۆمبێڵەکەیان دەگۆڕن هەیە تەنها لەبەر مۆدێل ئۆتۆمبێڵەکەیان دەگۆڕن کە مۆدێلە تازەکە لەگەڵ مۆدێلەکەی پێشخۆی هیچ جیاوازیەکیان نییە تەنها ژمارەی مۆدێلەکەنەبێت بەڕاستی ئۆتۆمبێڵ کارەکانی مرۆڤ زۆر خێراتر دەکات ئەگەر بزانیت بەکاری بهێنیت بەڵام بە داخەوە ئەوەندەی خۆمان بە لایەنە لاوەکیەکانی (ڕەنگ و ویلی گەورە یان ستیل و کوشنی جلد و تی ڤی ناو ئۆتۆمبێڵ و لایتی جوانی……………..هتد) ئۆتۆمبێڵ خەریك کردووە ئەوەنە سودمان لە ئۆتۆمبێڵ وەرنەگرتووە خەریکە ئۆتۆمبێڵ لە بری سود زیانمان پێدەگەیەنێت هەندێك جار بەهۆی خراپ بەکارهێنان و نەزانی لە بەکارهێنان بەهۆی بەکارهێنانی بێ سود یان بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەنی یاسایی کە شارەزاییان لە بەکارهێنانی نییە لەبری ئەوەی بمانگەیەنێتە شوێنی مەبەست دەمانگەیەنێتە نەخۆشخانە و هەندێك جاریش دەمانگەیەنێتە گۆڕستان، خۆ ئەگەر ئۆتۆمبێڵێکی بێ کێشە لە ڕووی توندوتۆڵی و سەلامەتیەوە هیچ کێشەی نەبێت چ جیاوازیەك لە نێوان مۆدێلی 2010 و 2015 ەکەیدا هەیە تەنها شێوەی ناوە و دەرەوەی گۆڕاوە هەردوکیان دەتوانن بمانگەیەننە سەر کارەکانمان دەتوانین بە هەردوو مۆدێلەکە کارەکانمان ئەنجام بدەین بگرە هەندێك جار مۆدێلە کۆنەکان چاکتریشن لە مۆدێلە تازەکان خەریکە بیرمان دەچێتەوە کە ئۆتۆمبێڵ بۆ گواستنەوەیە بەهۆی ئەو هەموو پێشکەوتن و لایەنە لاوەکیەی کە لە ئۆتۆمبێڵدا هەیە،ئەگەر باسی هەر پێداویستیەکی دیکەی ئەومڕۆمان بکەین ئەوە بەهەمان شێوە هۆشیاری بەکارهێنانی لەم وڵاتەدا زۆر لاوازە هەموومان هەر لەخۆوە فێری بەکارهێنانی بووین و بە ویستی خۆمان بەکاری دەهێنین بێ ئەوەی بزانین ئاخۆ ئەم بەکارهێنانە دروستە تەندروستە مرۆڤانەیە پرسیار لە هیچ کەسێکیش ناکەین، زۆربەی تاکی کورد لەکاتی کڕینی هەر کاڵایەك ڕێبەری بەکارهێنانەکەی فێڕێ دەدەن بێ ئەوەی بیخوێننەوە تەنها چەند کەسانێکی کەم نەبن کە دەگمەنن، پێویستە تاکی کورد هەر ئامیرێك یان هەر کاڵا و پێداویستیەک پێش بەکارهێنان هۆشیاری بەکارهێنانی هەبێت، چ کارەساتێك لە بەکارهێنانی مۆبایل لەم وڵاتەدا ڕویداوە چونکە یەکەم جاربوو ئەو تەکنەلۆژیایە بێتە ناوخەڵك کەس هیچی دەربارەی نەدەزانی، بە دڵنیاییەوە زۆربەی بابەتەکانی دیکەش بەهەمان شێوەیە. ئینتەرنێت، کارەبا، هەموو ئەو شتانەی ئەمڕۆ لەبەردەستماندا هەیە و ئەو شتانەی کە پاش چەند ساڵێکی دیکە دێنە بەردەستمان ئایا بەهەمان شێوەی ئەو شتانەی ئێستا بەکاریان دەهێنین ئەوانیش بەکاردەهێنین، ئێمەی کورد هەمیشە خۆمان بەراوردی وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەین کە بۆچی ئەوان ئەوەندە زیرەك و پێشکەوتوون کەچی ئێمە هیچ بەرەو پێش ناچین ئەگەر زۆر لەسەر بابەتەکەش بڕۆین ئەوە حکومەت خەتابار دەکەین، ئێمە ناتوانین بەرهەمی ئەو وڵاتانەی کە خۆمانیان لەگەڵ بەراورد دەکەین وەکو ئەوەی کە بەرهەمیان هێناوە بەکاری بهێنین ناتوانین بۆ ئەو مەبەستە بەکاری بهێنین کە بۆی بەرهەم هاتووە، بۆچی لاسایی ئەو وڵاتانە بکەینەوە کە ناهۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ شتەکانی بەردەستیان دەکەن مەرج نییە ئەوەی لە وڵاتێکی ئەوروپی یان ڕۆژئاوایی ڕویدا یان ئەنجامدرا بۆ ئێمەش هەمان ئەنجامی هەبێت بۆچی سود لەو وڵاتانە وەرنەگرین کە سودیان لەو پێشکەوتن و داهێنانانە وەرگرتووە، ئەگەر بەو جۆرەی ئێستا هەیە بەردەوام بین کە خوێندکاران و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە خەڵکانێکی سادە ناهۆشیاتربن و نەتوانن مامەڵەی تەندروست لەگەڵ شتەکان بکەن نەك پێش ناکەین بەڵکو تۆزێكیش دوا دەکەوین. – ئەحمەد مەلا

بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی سه‌ردێر

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک