گرنگیی و بایەخی ئیعجاز لە فەرموودەكانی پێغەمبەردا (صلی الله علیە و سلم) لە ئیعجازەكانی قورئانی پیرۆز كەمتر نییە. چونكە فەرموودەكانی ئەم پێغەمبەرە سروشو نیگا (وحی) لەلای خوای گەورەوە. خوای گەورە لە وەصفی پێغەمەبەرە گەورەكەیدا دەفەرموێت (وَالنَّجْمِ إِذَا هَوَى * مَا ضَلَّ صَاحِبُكُمْ وَمَا غَوَى * وَمَا يَنطِقُ عَنِ الْهَوَى * إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى * عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى) [النجم:1-5].
(سوێند بە ئەستێرە كاتێك لە شوێنی خۆی دەترازێت و بە خێرایی بەدەبَێتەوە و ئاوادەبێت * هاوەڵ و هاوڕێی ئێوە محەمەد (صلی الله علیە وسلم) گومڕاو سەرلێشێواو نەبووە لەڕێگەی ڕاست و ڕەوان نەترازاوە، قسەو گوفتاریشی لە ئارەزوو بازی و هەواو هەوەسەوە نییە، ئەمەی كە ڕایدەگەیەنێت تەنها نیگاو وەحی خوایە ، جوبرەئیلی فریشتە خاوەنی هێزو توانای زۆر فورئانی فێر كردووە)
لەسەردەمی ئەم پێغەمبەرە پیرۆزەدا دیاردەیەك ڕوویدا، ئەویش گیرانی خۆر بوو، خەڵك هەر بە خێرایی وتیان خۆر بۆ مردنی ئیبراهیم كوڕی پێغەمبەر( صلی الله علیە و سلم) گیرا. چونكە ئەو ڕۆژەی ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەر كۆچی دوایی كرد هەر لەو ڕۆژەدابوو خۆر گیرا.
یەكێك لە دابونەریتی گەلە پێشینەكان ئەوەبوو، كە هەموو دیاردەیەكیان بۆ ئەفسانە دەگێڕایەوە، كاتێك خۆر دەگیرا دەیانگوت بۆ مردنی كەسێكی گەورە گیراوە، هەندێك جاریش دەیانگوت ئەمە بەڵگەی ئەوەیە، كە ئێمە ئەم جەنگە دەدۆڕێنین یان ئەو پاشایە دەمرێت یان لە پاشایەتی دەخرێت.
یەكێك لەو شتە پێكەنیناویانە، ئەوەبوو، هەندێك كەس لەو باوەڕەدابوون، بەتایبەت چینییەكان، كە كاتێك خۆر دەگیرێت ئەوا ئەژدیهایەك (تنین) هەیەو ئەو خۆرەی قوتداوە، بۆیە تەپڵیان لێدەداو تیریان بۆ ئاسمان هەڵدەدا بۆ ترساندنی ئەوئەژدیهایە، ئەنجا دەیانگوت ئەم ئەژدیهایە ترساو هەڵهات، هەندێك كەسیش لەو باوەڕەدا بوون، كە خۆر دەگیرێت، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە، كە ڕووداوێكی گەورە ڕوودەدات، لەبەر ئەوەی خۆریان بە خواوەندەوە دەبەستەوە، ئەم باوەڕانە بۆ ئەو سەردەمە باوەڕی بێشكو یەقین بوون، بەڵام ئێمە لە ئێستادا تەنها وەك ئەفسانە دەیانبینین.
كاتێك خەڵك هاتن بۆلای پێغەمیبەر (صلی الله علیە و سلم) گوتیان خۆر بەهۆی مردنی ئیبراهیمەوە گیراوە. چی پێفەرموون؟ ئایا پشتگیریی كردن لە سەر ئەو هەڵەیەیان یان ئەو باوەڕەی بۆ ڕٍاستكردنەوە؟ پێی فەرموون (صلی الله علیە وسلم) (إن الشمس والقمر آيتان من آيات الله تبارك وتعالى لا ينخسفان لموت أحد ولا لحياته)(خۆرو مانگ دوو نیشانەو بەڵگەن لە نیشانەو بەڵگەكانی خوای گەورە بۆ مردن یان ژیانی هیچ كەسێك ناگیرێن)، ئەم فەرموودەیە ئیمامی بوخاری و مسلم گێڕاویانەتەوە. دەتوانین لەم فەرموودە پیرۆزەوە بگەیەنە ئەو ئەنجامەی كۆمەڵێك موعجیزە هەیە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) تاكە تێیاندا، لەمەوە بۆ دەردەكەوێت، كە ئەم پێغەمبەرە یەكەم كەسە بە وەحی لە خوای گەورەوە بنچینەیەكی ڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی گەردوونناسی دابنێت.
ڕەنگە یەكێك لەو كاریگەرییانەی خۆر گیران دروستی دەكات شڵەژانی گیاندارەكان بێت، باڵدار لە خوێندن دەوەستێت، هەندێك ئاژەڵ وادەزانن كە شەو داهاتووە بۆیە دەچنەوە لانەكانی خۆیان، ئەو گوڵانەی لە ڕۆژدا دەكرێنەوەو لە شەودا دادەخرێن بە ڕوودانی خۆرگیران دادەخرێن، چونكە وادەزانن شەو هاتووە، هەروەها ڕوودانی هەڵكشان و داكشان و ….هتد
ئەم دیاردەیە چۆن ڕوودەدات؟ هۆكارەكانی چین؟ ئەنجامەكانی چین؟
ئەم زەوییەی لەسەری دەژین لە ماوەی ساَێكدا خولێكی تەواو بە دەوری خۆردا دەخولێتەوە، مانگیش بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە، ئەم خولانەوەیەش تا خولێكی تەواو دەخولێتەوە یەك مانگ دەیاخەیەنێت ( الشهر القمری). كەواتە زەویمان هەیە مانگ بە دەوریدا دەخولێتەوە، مانگ و زەوی بەدەوری خۆردا دەخولێنەوە، وا ڕێكدەكەوێت، كە مانگ بكەوێتە بەردەمی خۆر، لەم كاتەدا خۆر هەڵهاتووەو تیشكی خۆی بە ئاراستەی ئێمە دەنێرێت لە كاتی خولانەوەی مانگدا لە هەندێك كاتی دیاریكراودا دەكەوێتە بەردەم خۆرو بە تەواوەتی بەری ڕووناكیی خۆر دەگرێت، لەوكاتەدایە، كە دەڵێین خۆر گیراوە.
خۆرگیران دیاردەیەی ترسناكە، چونكە خۆر سەرچاوەی ڕووناكییەو تیشكە ترسناكەكان بڵاودەكاتەوە یەكێك لەو تیشكانە تیشكی خوارووسوورە، كە خۆر بە بەردەوامیی دەینێرێت، ئێمە وەریدەگرین بەڵام زیانمان پێناگەیەنێت چونكە ئێمە ڕاستەوخۆ تەماشای خۆر ناكەین. بەلام لە كاتی خۆر گیراندا مانگ دەكەوێتە بەردەم خۆرو بەشێكی دادەپۆشێت و بەشێكی بە دەركەوتوویی دەمێنێتەوە ئەم جۆرە پێی دەگوترێت نیمچە خۆرگیران ، كاتێك مانگ بە تەواوی دەكەوێتە بەردەم خۆر ڕووناكییەكەی بەتەواویی دەگرێت ئەمە خۆرگیرانی تەواوە، بەجۆرێك كە خۆر دیارنامێنێت و دنیا تاریك دەبێت بۆ ماوەی دەقیقەیەك یان دەقیقەو نیوێك و دواتر دەگەڕێتەوە.
كاتێك مانگ بەبەردەم خۆردا تێدەپەڕێت بەشێك لە ڕووناكییەكەی دەگرێت، ئەگەر لەو ساتەدا سەیری گیرانەكەمان كرد ئەوا دەتوانین سەیری خۆر بكەین، بەڵام تیشكی خوارووسوور(تحت الحمراو) نابینینن، كە تەنها بە سەیر كردنی بۆ ماوەی چەند چركەیەكەكی كەم تۆڕی چاو بریندار دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی كوێریی كاتی یان هەمیشەیی، بۆیە زانایان دەڵێن نابێت لە كاتی گیرانی تەواوی خۆردا سەیری بكرێت چونكە ڕادەیەكی زۆر لە تیشكی خواروو سوور دەنێرێت.
مانگ هیچ تیشكێك بڵاوناكاتەوە، خوای گەورە زۆر بە وردی وەصفی كردووە : (وَقَمَرًا مُّنِيرًا) (مانگێكی ڕووناك)، پرشنگی نییە، هەروەها تیشكیشی نییە، ئەو تیشكانە پەرچدەداتەوەو ئەوانەمان پێدەگات، كە تەندروست و بەسوودن بۆمان، لەبەر ئەوە خوای گەورە مانگی بە تەنێكی ڕووناك چواندووە، تەنێكە ڕووناكیی بڵاودەكاتەوە، لەكاتێكدا خۆر چراو پرشنگە، بۆیە كاتێك لە كاتی گیرانیدا تەماشای مانگ دەكەین هیچ گرفتێكی تێدانییە.
دیاردەی دووەم مانگگیرانە، مانگ تیشكی خۆر ڕووەو ئێمە پەرچدەداتەوە، بۆیە لە ئاسماندا وەك مانگێكی ڕووناك دەیبیبن، وەك ئەوەی خوای گەورە لەم ئایەتە گەردوونیانەدا بۆی باسكردووین و دەفەرموێت (تَبَارَكَ الَّذِي جَعَلَ فِي السَّمَاء بُرُوجًا وَجَعَلَ فِيهَا سِرَاجًا وَقَمَرًا مُّنِيرًا) [الفرقان:61] (زۆر گەورەو مەزنە ئەو زاتەی لە ئاسماندا چەندەها خولگەی گەورەی (بۆهەسارەو ئەستێرەكان) بەدیهێناوە، هەروەها چرایەكی پرشنگدار، كە خۆرەو مانگێكی ڕووناكیشی بۆ زەوی دابینكردووە)، ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە، كە زەوەی دەكەوێتە ناوەڕاستی مانگ و خۆرەوە، ڕووناكیی خۆر لە مانگەوە دیارنامینێت و لێی دەشاردرێتەوە، مانگ لە شەوی گیرانیدا وەك تەنێكی مسیی تەڵخ دەبینین، ئەمەیە ناودەنرێت مانگگیران.
ئەم گیرانە لەسەر زەوی ڕوودەدات، هەروەها ئەم گیرانە لەسەر هەموو هەسارەكانی دیكەش ڕوودەدات، زۆربەی هەسارەكان مانگی خۆیان هەیە، كە بەدەوریاندا دەخولێتەوە، ئەم مانگانە هەندێك جار بەبەردەم خۆردا تێدەپەڕن و ڕووناكیی خۆر دەگرن و ئەو هەسارەیە تووشی گیران دەبێت.
زاناكان ئەوەیان پێشبینی كرد، كە گیرانێكی گەورە لە سەر هەسارەی مشتەری ڕوویداوە، وێنەیەك، كە ویستگەی (هابل) ی ئاسمانی سەر بە ناسا گرتوویەتی ، پەڵە ڕەشەكە سێبەری مانگی تایبەت بە مشتەرییە لە كاتی گیرانی خۆر لەو مانگە.
لەم زانیارانییانەو ئەم ڕاستییە زانستییانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی، كە خۆر و مانگ لەسەر یاسای تۆكمەو ورد بەڕیوەدەچن، كردەی گیرانی خۆرو مانگ كردەیەكی ئاساییە، نە خوداوەندی تێدایەو و پەیوەندیی بە مردن یان ژیانی هیچ كەسێكیشەوە نییە، ئێستا دەگەینە فەرموودە پیرۆزەكەو موعجیزەكانی شیدەكەینەوەو ڵێیان ڕادەمێنین.
موعجیزەی یەكەم:
پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) خاوەن بیروباوەڕی ڕاستبووە، فەرمووی (إن الشمس والقمر آيتان من آيات الله تبارك وتعالى) ئایەتێكی گەردوونییە، بە یاسایەكی (الشمس و القمر بحسبان) لەم فەرموودەیەدا، كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) فەرمووی خۆرو مانگ بەڵگەو نیشانەیەكن لە بەڵگەونیشانەكانی خوای گەورە، ئەمە بەو واتایەیە، كە بنچینەیەكی بۆ زانستی گەردوونناسی داناوە، زانایان ئەم ڕاستییەیان نەزانیوە لەم دواییانەدا نەبێت، لە ئەوروپا تا سەردەمێكی نزیك خەڵك لەو باوەڕەدابوون، كە دیاردەی خۆرگیران بە خواوەندەوە بەستراوەتەوە.
بەڵاًم دواتر دەركەوت، كە یاسایەكی موقەدەرو كاربۆكراوە، هەتا زانایانی ئەمڕۆ خشتەی دەیان ساڵیی دادەنێن، كە بە وردییەكی زۆر كاتی خۆرگیران و مانگگیران و شوێن و جۆرەكەی دیاریدەكەن.
كەواتە پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) لە فەرموودەكەیدا (إن الشمس والقمر آيتان من آيات الله تبارك وتعالى) بنچینەیەكی زانستیی بۆ زانستی گەردوونناسی نوێ داناوە، كاتێك دەفەرموێت (لا ینخسفان لموت أحد ولا لحیاته) ئەفسانەو پڕوپووچ لە مێشكی خەڵك دووردەخاتەوە، خەڵك لەو سەردەمانەدا مێشكیان پڕبووە لە ئەفسانەو پڕوپووچ، بەڵام ئەم پێغەمبەرە میهرەبانە، كە خوای گەورە بە (بالمؤمنين رؤوف رحيم) وەصفی دەكات، نایەوێت، كە بڕوا بەم پڕوپووچانەبكەین، دەیەوێت ئەم بیروباوەڕانەمان بۆ ڕاستبكاتەوە.
موعجیزەی دووهەم:
پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) چارەسەرێكی بۆ ئەم دیاردەیە پێشكەشكردووین، بۆ ئەوەی ترسناكیی لەخۆمان دووربخەینەوە، زانایان جەختدەكەنەوە لەسەر پێویستیی دووركەوتنەوە لە سەیركردنی خۆر لەكاتی گیرانیدا، ئەمەشە، كە پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) كردوویەتی، كاتێك فەرمانی پێكردووین، كە پەنابەرین بۆ نوێژو پاڕانەوە و یادكردنەوەی خوای گەورە.
دەكرێت چەند ئەفسانەیەكی مێژووییتان بیربخەمەوە، هەندێك گەل هەبوون لەوباوەڕەدابوون، كە سەیركردنی خۆر لەكاتی گیرانیدا كارێكی باشە و دەتكاتە كەسێكی گەورە، پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) رۆوف و رحیمەو نەیویستووە تیشكی خوارووسووری خۆر ئازارمانبدات و فەرموویەتی: ( فإذا رأيتم ذلك فافزعوا إلى ذكر الله تعالى وإلى الصلاة) پێویستە زیكرو یادی خوای گەورەبكەین هەركاتێك هەر دیاردەیكی گەردوونیی دەبینین بڵێین : (ربنا ما خلقت هذا باطلاً سبحانك فقنا عذاب النار)، پێویستە لە خوای گەورە بپاڕێینەوە لەم ساتدا بۆ ئەوەی لە شەڕی ئەو خۆرگیرانە بمانپارێزێت.
كاتێك ئەم خۆرگیرانە ڕوودەدات پێویستە پەنابەرین بۆ یادكردنەوەی خوای گەورە و بۆ نوێژكردن، ئەمە زۆر چاكترە بۆمان لە چوونەدەرەوەو سەیركردنی خۆر، پێویستە ئەوەش بزانن خۆشەویستان كە چوونە دەرەوە هیچ كێشەیەكی تێدانییە، كێشە لە سەیركردنی خۆردایە كاتێك دەگیرێت ئەگەر بە چاوی ڕووت سەیری بكەین، بەڵام جۆرێك لە چاویلكە هەیە كە زانایان بە (چاویلكەی خۆریی – النڤارە الشمسیە) ناویدەبەن، تایبەتكراوە بۆ سەیركردنی خۆر لەكاتی گیرانیدا، مرۆڤ دەتوانێت ئەم چاویلكەیە بەكاربهینێت و بێ كێشە سەیری خۆرگیرانەكە بكات. بەڵام بچێتە دەرەوە و بەچاوی ڕووت سەیربكات، ئەوا چاوی بڕێكی زۆر لە تیشكی خوارووسوور وەردەگرێت و دەبێتە هۆی كوێریی كاتیی یان هەمیشەیی .
بۆیە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) ئەم دیاردەیەیەی چارەكردووە، بەوە چارەسەری كردووە، كە مرۆڤ كاتی ئەم خۆرگیرانە بچێتە ماڵەكانی خوای گەورە و خەریكی یادی خوای گەورەو نوێژكردن بێت، ئەگەر كەسێك بەڕێگادا دەڕۆشت و ئەم دیاردیە ڕوویدا ، باشترە كە لە خوای گەورە بپارێتەوە و چاكەكانی خۆی زیادبكات، چونكە ئیماندار هەمیشە لە حاڵی بیركردنەوە لە خەڵقكراوەكانی خوای گەورەدایە، خوای گەورە ئەو كەسانەی بە (أُولی الالباب)ناوبردووەو لە ستایشیاندا دەفەرموێت (إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ وَاخْتِلاَفِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لآيَاتٍ لِّأُوْلِي الألْبَابِ) (لە بەردیهێنانی ئاسمانەكان و زەویدا و گۆڕان و جیاوازیی شەووڕژدا بەڵگەو نیشانەی زۆر هەن بۆ كەسانی ژیروهۆشمەند)، صیفاتی ئەمانەچییە؟ ئەمانە كێن ؟ (الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىَ جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ)(ئەوانەی یادی خوا دەكەن، لەكاتێكدا كە بەپێوەن یان دانیشتوون یان ڕاكشاون، هەمیشە بیر لە بەدیهێنانی ئاسمانەكانو زەوی دەكەنەوە)و پاشان دەڵێن (رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذا بَاطِلاً سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) (پەروەردگار تۆ ئەم بەدیهێنراوانەت بێ هودەو بێ ئامانج بەدینەهێناوە، پاكیی و بێگەردیی شایستەی تۆیە، دە تۆش لە ئاگری دۆزەخ بمانپارێزە)[ێل عمران:190-191].
ئەمەیە حاڵی ئیماندار لەهەموو چركەیەكی ژیانیدا، دەیبینیت، كە یادی خوای گەورە دەكات، هەتا پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) نەیویستووە هیچ دیاردەیەكی گەردوونی بەسەرماندا تێپەڕبێت هەتا یادی خوای گەورەی تێدا نەكەینەوە، پێوێستە هەر دیاردەیەكی گەردوونیی دەبینین بڵێن ( (رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذا بَاطِلاً سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) پێویستە لە حاڵەتی یادكردنەوەو پاڕانەوە لە خوای گەورە بین.
موعجیزەی سێیەم:
وەك لە ڕێگەی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە بینیمان سەیركردنی خۆر لە كاتی گیرانیدا بەزیان و بە ئازارە، لەكاتێكدا سەیركردنی مانگ لە كاتی گیرانیدا هیچ كێشەیەكی نییە، بۆیە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لە دیاردەی خۆرگیران ئاگاداری كردووینەتەوە، چونكە ئەو ترسناكترە، سبحان الله.
لەڕێگەی ئەم واتایانەوە دەبینین، كە ئەم فەرموودەیە لە ناوەڕۆكیدا بەڵگەی ئاماژەیەكی شاردراوە یە لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم)لە بانگەوازەكەیدا بۆ بەرەوخوای گەورە، و دنیاو خۆشیی و جوانییەكانی و ناوبانگی ناوێت، ئەگەر (صلی الله علیە وسلم) شتێكی لەدنیا بویستایە، ئەوا پشتگیریی خەڵكەكەی دەكرد ، كاتێك وتیان (خۆر بۆ مردنی ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) گیراوە)، ئەم قسەیە لە پلەوپایەی لای خەڵكەكەی زیاددەكات، بەڵام دنیای ناوێت، ناوبانگیشی ناوێت، بەڵكو ڕووی خوای گەورەی دەوێت، دەیەوێت لەسەر بنچینەیەكی زانستی پتەو بڕوامان دابمەزرێنین.
وانەو عیبرەت لەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) چییە؟
بۆچی ئەوەی بۆ خستووینەتەڕوو، كە خۆرومانگ نیشانەیەكن لە نیشانەكانی خوای گەورە؟ بۆچی ئەمری پێكردووین كە ڕووبكەینە یادكردنەوەی خوای گەورە؟ ئامانج لەوە: یادخستنەوەمانە بە تواناو دەسەڵاتی خوای گەورە، خوای گەورە لەهەموو جوڵانەوەكماندا دەمانبینێت، بۆیە پێویستە یادی خوای گەورە بكەینەوەو لێی بپاڕێینەوە لە هەر جوڵەیەك لە جوڵەكانی ئەم گەردوونە، لە یادی خوای گەورە بۆ چركەیەكیش غافڵ نەبین، لەو كەسانە نەبین، كە خوای گەورە لەبارەیانەوە پەنابەخوا دەفەروێت : (نسو الله فنسيهم) (خوای گەورەیان لەبیركرد، خواش ئەوانی لەبیركرد)، لە خوای گەورە داوادەكەین، كە سوود لەم فەرموودەیە وەربگرین و هۆكارێك بێت بۆئەوەی ئیمان و باوەڕمان لەسەر بنەمایەكی پتەوی زانستیی دابمەزرێنین.
———————
نووسینی: عبد الدائم الكحیل
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک