9 ئەفسەری پێشمەرگە بازرگانیان لەگەڵ داعش كردووە دەستگیركراون



زەنگ

بەتۆمەتی بازرگانیکردن لەگەڵ داعش و هەوڵدان بۆ گەیاندنی کەرەستەی ئۆتۆمبێل بەدەست هێزەکانی داعش لە دەوروبەری حەویجە، تا ئێستا 9 ئەفسەر و پێشمەرگە لە باشوری کەرکوک دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامی هەیە.

مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، ئەگەر ئەو 9 ئەفسەر و پێشمەرگەیە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغ ببێتەوە نابێت چاویان لێبپۆشرێت و دەبێت رادەستی دادگا بکرێن.

شەوی 29 /12 هێزەکانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای داقوق لە باشوری کەرکوک دەستیان بەسەر ژمارەیەک کەرەستەی ئۆتۆمبێل و خۆراکدا گرت، کە گومان دەكرا ئەو کەرەستانە لەلایەن کەسێکی بە ڕەگەز عەرەبەوە بۆ هێزەکانی داعش لە دەوروبەری حەویجە ببرێن.

بەپێی نووسراوێکی لیوای 9 ی هێزی پێشمەرگە کە لیوایەکی هاوبەشە لە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی و پارتی، چەند ئەفسەرێکی پێشمەرگە داواکراون لەسەر هۆکاری دەربازبوونی ئەو کەرەستانە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە.

عەمید ئاراس عەبدولقادر فەرماندەی لیوای 9 ی هێزی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام بەبیانوی ئەوەی لێکۆڵینەوە لە مەسەلەکە بەردەوامە ئامادە نەبوو لێدوان بدات.

لای خۆیەوە ئازاد جەباری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پێیوایە ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە و هەوڵدراوە بگەیەنرێتە دەستی داعش، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەو رێکخراوە، وتی"ئەمەش خیانەتە".

پێشتریش لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەک بازرگان و پلەداری تر بەتۆمەتی بازرگانیکردن لەگەڵ داعش دەستگیرکرابوون، بەڵام تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرانەکراون.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک