لە فارسیەوە: هەورامان محەمەد
هەبوو نەبوو ، هیچكەس لەخوا گەورەتر نەبوو .
پیرێژنێك هەبوو منداڵێكی كەچەڵی هەبوو كە ناوی حەسەن بوو ، ئەم حەسەنە كەچەڵەی ئێمە ناوبانگی لە تەمبەڵیدا دەركردبوو
لەبەیانییەوە تا ئێوارە لە تەنیشت تەنوورێكەوە پاڵدەكەوت و ئەیخواردو ئەخەوت .
نەنەی ئیتر ماندووبوو لەدەستی و بیری كردەوە چی بكات كە منداڵەكەی واز لەم تەمبەڵییە بهێنێت و تۆزێ بجوڵێ . هەر بۆیە بیرێك هاتە مێشكییەوەو هەستاو ڕۆشت بۆ بازاڕ ، لەوێ چەند سێوێكی سوری ئاوداری بەتامی كڕی و گەڕایەوە ماڵەوە . یەكێك لە سێوەكانی خستە لێواری تەنوورەكەوە و دانەیەكیتریشیانی كەمێك دورتر لەناوەڕاستی ژوورەكەیا دانا . سیەمیشیانی لەلێواری درگای ژوورەكەدا داناو چوارەم دانەشیانی لە حەوشەكەدا داناو......... كۆتا دانەشیانی لە پشت درگای حەوشەكە لە كۆڵانەكەیا دانا .
حەسەن كە لەخەو هەستا زۆر برسی بوو كە چاوی كردەوەو سێوە ڕنگ جوانە ئاودارە بەتامەكانی بینی یەكسەر دەمی پڕبوو لە ئاو . هاواریكرد نەنەگیان من سێوم دەوێ .
نەنەشی وتی : ئەگەر سێوت دەوێ ئەبێ هەستی و خۆت بیهێنی . تۆزێ بجوڵێ .
حەسەنە كەچەڵ دەستی درێژكردو یەكەمین سێوی هەڵگرت و خواردی و زۆری پێخۆشبوو تۆزێكیش خۆی درێژكرد دوەم دانەشی هەڵگرت . هەر بەوجۆرە خۆی گەیاندە لای درگاكە . نەنە پیرەش بە هێواشی سەیری دەكرد و بەدوایدا دەڕۆشت ، هەركە حەسەن سێوی كۆڵانەكە هەڵگرێ خێرا ڕایكردو درگاكەی بەسەردا داخست .
ڕەنگ بەڕووی حەسەندا نەماو بە قایمی بە درگاكەدا كێشای و وتی : نەنە ئەم ئیشانە چییە ؟ بابە ئەو درگایە بكەرەوە .
بەڵام هەر چەن پاڕایەوەو هاواریكرد هیچ كەڵكی نەبوو . نەنەی وتی ئەبێ بڕۆی ئیش بكەی تاكەی ئەتەوێ لەماڵەوە بیت و لەباوەشما دانیشیت و بخۆیت و بخەوی ؟؟؟
حەسەنە كەچەڵ وتی : باشە هیچ نەبێ تۆزێ خواردنم بدەرێ تا لە برسێتیدا نەمرم .
نەنەشی هێلكەیەك و تۆزێ ئاردو زوڕنایەكی خستە ناو بوخچەیەك و پێیدا . حەسەنیش لە لادێیەكە چووە دەرەوەو ڕێگای دەشتێكی گر تەبەر . رۆشت و رۆشت تا چاوی بە كیسەڵێك كەوت هەڵیگرت و خستیە ناو بوخچەكەیەوە ، تۆزێكیتر ڕۆشت باڵندەیەكی بینی كەلەناو لق و گەڵای دارێكدا گیرببوو نەیدەتوانی بفڕێ . ئەویشی هەڵگرت و خستیە ناو بوخچەكەوە .
هەرلەوكاتەدا بوو كە ئاسمان پڕبوو لە هەور حەسەن سەیرێكی ئاسمانی كردوو وتی هەر ئێستاكە باران ئەبارێ . بۆیە هەموو جلەكانی داكەندو لەژێر خۆی دایناو لەسەریان دانیشت . لەپڕ باران بە توندی باری ، كاتێ بارانەكە وەستایەوە حەسەن جلەكانی كردەوە بەری و بێ ئەوەی كە تەڕبووبن ، سەرەنجام حەسەن كەوتە ڕێ و لەپڕ چاوی بە دێوێك كەوت كەلەبەردەمیا سەوزبوو . دێوە كە بەسەرسوڕمانەوە سەیری جلەكانی حەسەنی كرد و وتی ئەرێ تۆ بۆچی لەژێر ئەم بارانەدا تەڕنەبووی ؟
حەسەنە كەچەڵ وتی : مەگەر نازانی كە باران ناتوانێ شەیتان تەڕبكات ؟
دێو بەسەرسوڕمانەوە وتی : یانی تۆ شەیتانی ؟ ئەگەر ڕاستدەكەی وەرە با هێزو توانامان پیشانی یەكتر بدەین .
دێوەكە بەردێكی لەسەر زەویەكە هەڵگرت و وتی ئێستا ئەم بەردە بە هێزی دەستم ورد ئەكەم ، دواتر بەردەكەی هەربەوجۆرە گوشی و بەردەكە وردو خاش بوو .
حەسەن وتی جا ئەوە چییە ئێستا سەیركە من چی ئەكەم . دواتر بە هێواشی ئاردەكەی لە بوخچەكەیا دەرهێناوگوشی و پیشانی دێوەكەیدا .ئای خودایا دێوەكە زۆرترسا وتی : ئێستا وەرە بەرد هەڵبەین بزانین بەردی كاممان دورتر ئەڕوا . لەوكاتەشدا بەردێكی هەڵگرت و هەڵیدا بۆ دوور تاتوانی بە هێزێكی زۆرەوە بەردەكەی هەڵدا بەردەكە ڕۆشت لە شوێنێكی زۆر دوور كەوتەوە سەر زەوی .
حەسەن وتی : ئەی هاوار جا ئەمە چییە ئێستا سەیری من بكە ، دوبارە بە هێواشی باڵندەكەی لە ناو بوخچەكەدا دەرهێناو هەڵیدا بۆ دوور باڵندەكەی هەڵفڕاند باڵندەكەش نەیكردە نامەردی هەروا ڕۆشت كە ئیتر لەبەرچاو ونبوو .
دێوەكە وتی بەخوا بابە ئەمە شەیتان خۆیەتی . دوو قاچی هەبوو دوانیتری قەرزكردو ڕایكرد . حەسەنە كەچەڵ دوبارە ملی ڕێگای گرت و ڕۆشت و ڕۆشت تا گەشت بە قەڵایەكی گەورە .
چووە پێشەوەو لە درگایدا . لەپڕ دەنگێكی بەرز نەعرەتەیەك لەو ناوە بەرز بوەوە : كێیە لە درگا ئەدا ؟؟؟
حەسەن لە شوێنی خۆی جوڵاو ، بەڵام وا خۆی پیشان نەدا كە ترساوە دەنگی گڕ كردو هاواریكرد : من شەیتانم تۆ كێی ؟
دەنگەكە وتی : من پادشای دێوەكانم .
حەسەن وتی : باش بوو تۆم دۆزییەوە لە ئاسمانەكاندا بە دواتدا ئەگەڕام كەچی لە زەوی تۆم دۆزییەوە .
پادشای دێوەكان زۆر ترسا بەڵام لە شوێنی خۆیدا مایەوەو وتی : باشترە بە ڕێی خۆتدا بڕۆی و بچی بەلای ئیشتەوە من تاقەتی كێشەم نییە ، پیاتا ئەكێشم لەناوتدەبەم كورە . حەسەنە كەچەڵ وتی : ئەگەر ڕاستدەكەی وەرە هێزو توانامان پیشانی یەكتر بدەین . پادشای دێوەكان وتی : باشە .
دواتر ئەسپێیەكی گەورەی لە لای درگاكەوە خستە دەرەوە و وتی: سەیركە ئەوە ئەسپێی سەری منە !!!!
حەسەنە كەچەڵ وتی: جا ئەوە چییە . سەیری ئەمە بكە .
لەوكاتەدا كیسەڵەكەی لەناو بوخچەكەدا دەرهێناو هەڵیدایە ژوورەوە . پادشای دێوەكان دڵی كەوتە لەرزە و وتی ئەمە كێیە ئیتر . ئەمە ئەسپێی سەریەتی ئەی ئەبێ خۆی چۆن بێ ؟؟
وتی : ئێستا ببینە من چی لەم بەردە ئەكەم . بەردێكی هەڵگرت و كردیە خۆڵ و فڕێیدایە دەرەوە .
حەسەن وتی : ئاوا؟ ئێستا ببینە من چۆن لە و بەردە ئاو دەرئەهێنم .
لەوكاتەدا هێلكەكەی شكاندو فڕێییدایە ژوورەوە .
پادشای دێوەكان كە گیانی كەوتبوە لەرزە كۆتا شانسی خۆی تاقیكردەوە و وتی : ئێستا وەرە بە دەنگی بەرز هاواركەین ، دەنگ و نەعرەتەی من ئەوەندە ترسناكە كە هەموو شتێك ئەلەرزێنێ . بۆیە نەعرەتەیەكی بەرزی لێوەهات كە خودایا ئەوەندەی نەمابوو حەسەنی بێچارە زاڵەترەك بێ . بەڵام جارێكیتریش خۆی كۆكردەوەو وتی ئێستا گوێبگرە بەمە ئەڵێن دەنگی ترسناك نەك ئەو قوقە قووقەی تۆ .. دواتر زوڕناكەی دەرهێناو تا توانی بە قایمی فووی پیاكرد و فووی پیاكرد تاخەریكبوو خۆیشی دەترسا .پادشای دێوەكانیش خەریكبوو رۆحی دەچوو ڕاكردنی لەمانەوە بە باشتر زانی و ئێستا نەڕۆی كەی بڕۆی ، ڕۆشت و تا تەمەنی هەبوو ئاوڕی نەدایەوە .
ئێستا وەرە گوێبگرە لە حەسەنە كەچەڵ كە چووە ناو قەڵاكەوەو چاوی بە كۆشك و شكۆو مەزنی كەوت كە هەر مەڵێ و مەپرسە باخێك بوو لەناوەڕاستی باخەكەدا كۆشكێك بوو ژوورەكانی كۆشكەكە پڕبوون لە ئاڵتون ومرواری ، وە خواردنی بەتامیشی لێبوو كە بە دڵی حەسەنە كەچەڵی ئێمە بوو وە حەسەنە كەچەڵ بۆخۆی بووبوو بە حەسەن خان . سەرتان نەیەشێنم حەسەنە كەچەڵ چەند ڕۆژێك خواردی و خەوت دواتر هەستاو دەستی نەنكی گرت و لەگەڵ خۆیدا هێنای وەرەو ببینە كوڕە گوڵەكەت چ دام و دەزگایەكی بنیاتناوە . نەنەش كاتێ بینی كوڕەكەی گەشتووە بەنان و ئاوی خۆی قۆڵی لێ هەڵماڵی و ژنی بۆ كوڕكەی هێناو هەموویان ساڵانێك پێكەوە بە خۆشی و بەباشی پێكەوە ژیان . گەشتینە كۆتایی چیرۆكەكەو منیش هاتمەوەو هیچیان نەدامێ .
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک