ریفراندۆم بەبێ‌ پەرلەمان وەك دروست كردنی مزگەوتە بە پارەی حەرام



 فەرید ئەسەسەرد

هەندێ‌ لایەن لە هەرێمی كوردستان بەقەد ئەوەی كە سورن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە نزیكترین دەرفەتدا، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا مافێكی دیموكراتییە، سوریشن لەسەر ئەوەی كە هیچ رۆڵێك لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بۆ پەرلەمان نەهێڵدرێتەوە. گومانی تێدا نیە كە ئەم هەڵوێستە، لە فاكتەری سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ، لە كاتێكدا مەسەلەكە لە ناوەڕۆكدا مەسەلەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو یاساییە، چونكە پرۆسەی ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان شەرعیەت وەرناگرێ‌و زۆر بە ئاسانی تانەی لێ دەدرێ.
ئەم مەسەلەیە زۆرتر پەیوەندیی بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە هەیە كە لە ماددەی سێیەم دا كۆمیسیۆنی كردۆتە دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەنی سەر بە پەرلەمانی كوردستان‌و بەرپرسیار لەبەرامبەر پەرلەمان. ئەمە بەم واتایە دێت كە هیچ دامەزراوەیەك لە هەرێمی كوردستان، نە سەرۆكایەتیی هەرێم‌و نە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران‌و نە هیچ وەزارەتێك، جگە لە پەرلەمان، دەسەڵاتی ئەوەی نییە فەرمانی ئەنجامدانی ریفراندۆم یان هەڵبژاردن بۆ كۆمیسیۆن دەر بكات. واتە تاكە لایەن، بەپێی یاسا، كە داوا لە كۆمیسیۆن دەكا دەست بە خۆ ئامادەكردن بۆ رێكخستنی ریفراندۆم بكا، تەنهاو تەنها پەرلەمانە. ئەمەش لە گۆشەنیگایەكی دیكەوە، بەم واتایە كە پرۆسەی ریفراندۆم لە پەرلەمانەوە دەست پێدەكا.
رۆڵی پەرلەمان لەبابەتەكەدا زۆر گرنگە. ئەمەش لەوەدا دەردەكەوێ‌ كە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران كە لە9 ئەندام پێكدێ‌، لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێن. یاساكە كاتێك دەچێتە سەر دیاری كردنی هۆكانی دەركردنی یاساكە، دامەزراندنی كۆمیسیۆنەكە بە "پێویستییەكی نیشتمانی" دەزانێ‌‌و سپاردنی ئەم كۆمیسیۆنە بە"دەستەیەكی باڵای بێلایەن‌و سەربەخۆو پەیوەست بە پەرلەمانی كوردستان" بە گرنگ دادەنێ‌.
بەڵام ئەمە سەروبەری مەسەلەكە نییە. ریفراندۆم، هەر ریفراندۆمێك، پێویستی بە یاسایەكی تایبەتە كە تەنها یەك جار سودی لێ‌ وەردەگیرێ‌‌و تەنها بۆ یەك ریفراندۆم بەكار دێ‌. ریفراندۆم جیاوازە لە هەڵبژاردن. پەرلەمان یەك یاسا بۆ هەڵبژاردن دەردەكاو ئەم یاسایە هەر چوار ساڵ جارێك بەكار دێ‌‌و لەكاتی پێویستدا هەموار دەكرێتەوە، لەكاتێكدا بۆ هەر ریفراندۆمێك دەبێ‌ یاسایەكی تایبەت هەبێ‌ كەتێیدا بابەتە سەرەكییەكە دیاری دەكرێ‌‌و دەنگدەر بە "بەڵێ‌" یان بە"نەخێر" وەڵامی پرسیارێكی دیاریكراو دەداتەوە. لەبەر ئەوەی بابەتی ریفراندۆم لەسەر كراو، لە هەر ریفراندۆمێكدا جیاوازە لەبابەتی ریفراندۆمێكی دی، هیچ یاسایەكی تایبەتی ریفراندۆم بە كەڵكی ریفراندۆمێكی تر نایەو دواجار پەرلەمان بۆ هەر ریفراندۆمێك دەبێ‌ یاسایەكی تایبەت دەر بكات.
لەبەرەنجامی كۆتاییدا ئەگەر پەرلەمان یاسایەكی تایبەت بۆ ریفراندۆم دەر نەكات، ریفراندۆمی ئەنجامدراو وەك پرۆسەو بەبێ‌ گوێدانە ئەنجامەكەی، هیچ شەرعیەتێكی نابێ‌. لەڕاستیشدا پرۆسەیەكی گرنگی وەك ریفراندۆم هەر دەبێ‌ پشت بە یاسایەكی تایبەت ببەستێ‌‌و بەبێ‌ یاسا پرۆسەكە وەك پرۆسەیەكی یاسایی بەڕێوە ناچێ‌.
هەوڵی دورخستنەوەی پەرلەمان لەپرۆسەی ریفراندۆم كە هەوڵێكە شایستەی ئەوەیە بەگومانەوە لێی بڕوانرێ‌، لە ناوەڕۆكدا هەوڵێكە بۆ تەگەرەدان لە هێنانە دیی ئاشتبونەوەی گشتی، ئاشتبونەوەیەك كە رێ‌ بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی كورد‌و بەهێزكردنی بەكڕیزیی ناوخۆیی خۆش دەكا، ئەمەش یەكاویەك ئەو شتەیە كە هەر گەلێكی هۆگری سەربەخۆیی لە دۆخێكی وادا پێویستی پێیەتی.
پەراوێز خستنی پەرلەمان‌و دورخستنەوەی لە ریفراندۆم، شەرعیەت بۆ ریفراندۆم ناهێڵێتەوە. ریفراندۆم بەبێ‌ پەرلەمان وەك دروست كردنی مزگەوتە بە پارەی حەرام.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک