ئه‌و ژنه‌ى به‌ بۆكس كوژرا بۆ ئاڵتون و پاره‌كه‌ى


زه‌نگ

لە هەفتەكانی ڕابردوودا ، لە قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن چەند كەسێكەوە، ژنێكی بەتەمەن دەكوژرێت، لە ئێستاشدا پۆلیسی قەزاكە سێ هاوڵاتی دەستگیركردووە بە تۆمەتی كوشتنی ئەو ژنە.

پۆلیسی قەزای سەیدسادق دەڵێت، یەكێك لەو سێ كەسەی كە دەستگیركراون خزمی ژنەكەیە و ئەوان چاوەڕێی دادگا دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە و جارێ نایانەوێ قسەی لەسەر بكەن.

بەپێی زانیارییەكان ئەو ژنە ناوی (خاوەر شەریف)ە و تەمەنی لەسەروی 65 ساڵەوەیە مێردەكەی ساڵی 1997 مردووە و لە ماڵی خۆیدا خزمەتی دایكە تەمەن 125 ساڵەكەی كردووە، بەڵام درەنگانێكی شەوی 10ی ئەم مانگە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و زێڕ بە شێوازێكی دڕندانە دەكوژرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان  ئەوانەی چونەتە سەر ماڵی خاوەر، دوای ئەوەی لێدانێكی زۆریان لێداوە تا گەشتوەتە ئەوەی بە بۆكس هێندەیان لێداوە تاقومی دادنەكانی چونەتە قوڕگیەوە، دواتر بردویانە لە تەویلەیەك دایانناوە و دوای دوو ڕۆژ لە كوشتنەكەی دۆزراوەتەوە.

حەكیم عەزیز، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای سەیدسادق هەر چەندە ئامادەنەبوو لەسەر ئەو ڕووداوە قسە بكات،  تەنها وتی: "لەسەر كوشتنی خاوەر شەریف سێ هاوڵاتی دەستگیركراون و چاوەڕێی دادگا دەكەن بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕووداوە بكەن.

وتیشی: "یەكێك لەو سێ كەسانەی دەستگیركراون خزمی كوژراوەكەیە، لە بارەی شێوازی كوشتنەكەشی چاوەڕێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری دەكەن".

خاوەر شەریف، بەهۆی ئەوەی خاوەنی ژمارەیەك دوكان بووە لە قەزاكە، بەردەوام پارەی كرێ دوكانەكانی داوەتە زێڕ و لیرە و بەخۆیەوە كردووە، ئەوەش یەكێك بووە لەو هۆكارانەی كە وایكردووە ئەو ڕووداوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و زێڕ ئەنجام بدرێت.

وەستا حەیدەر، كوڕی خاوەر شەریف ڕووداوەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی هەفتەی ڕابردووتر دایكی كە خزمەتی دایكی خۆی كردووە واتە نەنكی وەستا حەیدەر، تەمەنی 125 ساڵە و كوێریشە، لە كاتی نانی ئیوارە ئەو چەند كەسە چونەتە ژوورەوە و بە نەنكی وەستا حەیدەریان وتووە كوا پورە خاوەر دەمانەوێت مریشكی لێ بكڕین بۆ جەژن، چونكە دایكی وەستا حەیدەر مریشكی خۆمانەی بەخێوكردووە و جار جارە فرۆشتویەتی بە هاوڵاتیان.

دوای ئەوەی دزەكان زانیویانە خاوەر لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەوەیە لە گەڕەكی بەركێو، چونەتە سەری و كوشتویانە بەڵام كوشتنەكە بە خنكاندن نەبووە، بەڵكو بە زەبری شەق و بۆكس بووە، لە كاتی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەریش ئاماژە بە خنكان نەكراوە، بەڵكو دەڵێت، هێندەیان بە بۆكس لێداوە تاقومی خوارەوەی ناو دەمی چوەتە قوڕگیەوە و بەهۆیەوە خنكاوە و پزیشكەكانیش بە ناڕەحەت توانیویانە دەربی بهێننەوە.

وەستا حەیدەر ئەوەش دەخاتەڕوو، زێڕ و پارە هۆكاری ئەوە بوون كە ئەو ڕووداوە ڕووبدات، چونكە دایكی مانگانەی كرێی 10 دوكانی وەرگرتووە، پارەكەشی بە زێڕ و لیرە داوە، بە وتەی خۆی، دایكی 40 لیرە بە ملی بووە، لەگەڵ بڕێكی زۆر لە زێڕ بە دەست و ملی بووە، گۆبەرێكی تر بە ملیەوە بووە.

دەشڵێت، پێدەچێت دزەكان بەوەوە نەوەستابنەوە و لەكاتی لێدانا پێیان وتبێت كە چەندی تر پارەت هەیە و لە كوێیە، دایكم پێدەچێت شوێنی پارەی دیكەی بە دزەكان وتبێت كە تا ئێستا ئەوە ئاشكرا نەبوە و چاوەڕێین.

دەربارەی ئەو كەسانەی كە دەستگیر كراون وتیشی: "ئەوان قسەیان لەسەر ئەو سێ كەسە نەبووە و سكاڵاشیان لەسەر كەس تۆمارنەكردووە، ئەو كەسانەشیان بینیوە كە دەستگیركراون و تویانە هیچمان لەسەر ئەو كەسانە نییە، بەڵام پۆلیس خۆی دەستگیری كردوون".

سه‌رچاوه‌ خه‌ڵك

بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک