نرخی ئینتەرنێت بەڕێژەی (25%) كەمكردەوە؟!



وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق كرێی سەر كۆمپانیاكانی مۆبایلو پەیوەندی (وایەرلێس)ی بەڕێژەی (25%) كەمكردەوە، ئەوەش ئەو كۆمپانیایانە ناچار دەكات، نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لەسەر هاوڵاتیان كەمبكەنەوە، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمیش ئاماژە بەوەدەكات، پێناچێت بڕیارەكە هەرێم بگرێتەوە.
ڕۆژنامەی (سەباح) لەزاری ئەندازیار (ساڵح حەسەن) بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانو پۆستە لەوەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق بڵاویكردەوە، وەزارەتەكەیان كرێی سەر كۆمپانیاكانی مۆبایلو پەیوەندی (وایەرلێس)ی بەڕێژەی (25%) كەمكردۆتەوە، بۆیە دەبێت ئەو كۆمپانیایانەش نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، لەسەر هاوڵاتیان كەمبكەنەوە.
سەبارەت بەوەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە یاخود نا، (ئومێد محەمەد) وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم بە NNA ڕاگەیاند، وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق كرێی كێبڵی ئینتەرنێتی لەسەر ئەو كۆمپانیایانە كەمكردۆتەوە كە كێبڵی ئینتەرنێتی ئەو وەزارەتە بەكاردەهێنن، بۆیە بڕیارەكە پەیوندی بەعێراقەوە هەیەو هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم ئەوەشی ڕوونكردەوە، ئەگەر كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵو كۆڕەك تیلیكۆمو زەین، كێبڵی پەیوەندیەكانی وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق بەكاربهێنن، ئەوا ئەو سێ كۆمپانیایا دەبێت نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت كەمبكەنەوە، وتیشی:"ئێمە دڵنیانین لەو بارەیەوە، بەڵام پێدەچێت كێبڵی خۆیان بەكاربهێنن".
بەڕێوەبەری پەیوەندیەكانو پۆستە لەوەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق هۆشداریدایە كۆمپانیاكان، ئەگەر نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت كەمنەكەنەوە، ئەوا وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنیش، پاشگەزدەبێتەوە لەبڕیاری كەمكردنەوەی كرێی ژێرخانی كۆمپانیاكان بەڕێژەی (25%).
بەرپرسەكەی وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق ئاماژەیبەوەشدا، ئامانج لەدەركردنی ئەم بڕیارە نوێیە، كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێتە لەسەر هاوڵاتیان، بەتایبەتی لەئێستادا كە نرخی كارتی پەیوەندی مۆبایل گرانكراوە، وتیشی:"ئێمە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا چاودێری كۆمپانیاكان دەكەین، تاوەكو بزانین نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەبەزینن یاخود نا".
بڕیارەكەی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق لەكاتێكدایە، لەماوەی ڕابردودا بەڕێژەی (20%) نرخی پەیوەندییەكانی مۆبایلی لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن لەعێراقدا زیاد كرد، ئەوەش كاریگەر لەسەر بەرزكردنی نرخی كارتی باڵانس دروستكردو بۆ هەر كارتێك كۆمپانیاكان زیاتر لەهەزار دیناریان زیاد كرد، ئەوەش بەبارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان هەژماركرا، بۆیە بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی كرێی كارتی باڵانس لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە زیاد كراوە، پێویستە لەگەڵ بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی ژێرخانی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن، كرێی ئینتەرنێت لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە كەمبكرێتەوە.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی سه‌ردێر

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک