دانیماركییەكان هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیان بۆ ئەو كۆچبەرانە دەربڕیی كە وڵاتی خۆیان جێدەهیڵن و روو لە دانیمارك دەكەن و، داوای لێبورندیش دەكەن لەو قسە ناخۆشانەی كە حكومەتی وڵاتەكەیان لە دژی كۆچبەران بڵاوی كردووەتەوە.
رۆژنامەی نەهار-ی لوبنانی لە ژمارەی رۆژی هەیینیدا ٢ی تشرینی یەکەم بانگەوازێكی خەڵكی دانیماركی بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتووە " داوای لێبوردن دەكەین بەهۆی ئەو قسە ناخۆشانەی كە لەسەرەوە هاتووە ( وەكو ئاماژەیەك بۆ راگەیەنداروەكەی حكومەتی دانیمارك) و ئێمە وەكو هانیشتیمانی ئاسایی پشتگیری خۆمان بۆ ئەو كەسانە دەردەبڕین، كە بەهۆی شەڕ و كاولكاری وڵاتی خۆیان جێدەهیڵن".
رۆژنامەی نەهاری لوبنانی هەردوو راگەیەندراوەكەی: حكومەت و خەڵكی دانیمارکی لەگەڵ یەكدی داناوە و، بەناونیشانی " راگەیەندراوێك لە خەڵكەوە بۆ خەڵك" بڵاوی كردووەتەوە.
لە مانگی ئەیلوولدا حكومەتی دانیمارك رێوشوێنێكی دیكەی گرتەبەر بۆ ئەوەی كۆچبەران لە وڵاتەكەی دووربخاتەوە و، بۆئەم مەبەستەش رۆژنامە لوبنانییەكانی بەكارهێنا.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەو مانگەدا لە رۆژنامەی نەهار بڵاویكردەوە هاتووە، كە دانیمارك یاسای تایبەت بە كۆچبەران سەختتر دەكات، هاوكارییە كۆمەڵایەتییەكان و هاوکاری بۆ كۆچبەران كەمتر دەكاتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە لەم دواییانە روویان كردووەتە دانیمارك و، رەنگە بگاتە رێژەی %50، ئەمەشی وەكو ئاماژەیەك بۆ كۆچبەرە سوورییەكان بوو.
هەرلە بڵاوكراوەكەی مانگی ئەیلوولی حكومەتی دانیماركدا هاتبوو " ئەو كەسە بیانییانەی كە خاوەنی پاراستنی كاتیین ناتوانن لەماوەی ساڵی یەكەمیان، كە لە دانیماركن ئەندامانی خێزانەكەیان بۆ ئەو وڵاتە بانگهێشت بكەن".
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک