ئەردۆغان تا 2029 لە دەسەڵات دەمێنێتەوە


زەنگ- دەنگی ئەمریكا

سەرۆک وەزیری تورکیا دووپاتی دەکاتەوە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ هەموارکردنی دەسـتوری وڵاتەکە تاوەکو لە سیستەمی پەرلەمانیـیەوە بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕن، کە بەپـێی کاربەدەستان هەموارکردنەکە بوار بە ئەردۆغان دەدات هەتا ساڵی 2029 حکومڕانی تورکیا بکات.

بن عەلی یەڵدرم، ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەندامی پارتەکەی (ئاکەپە)  وتی "جارێکی دیکە لەگەڵ دەوڵەت بەهچەلی ڕێبەری پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کۆدەبنەوە بە مەبەستی دانانی چوارچێوەی کۆتایی هەموارکردنەکە".

پارتی ئاکەپە جگە لە دەنگی پەرلەمانتارانی خۆی پـێویستی بە پشـتیوانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە هەیە تاوەکو هەموارکردنەکە لە پەرلەمان پەسەندبکرێت، مەهەپەش ئاسانترین لایەنی ئۆپـۆزسیۆنە کە بتوانێت قایلی بکات.

پـێشتر بەهچەلی وتی "لە وتووێژەکانیاندا لەگەڵ پارتی ئاکەپە پـێشکەوتنێـکی بەرچاویان بەدەسـتهێناوە، هەر بە یەکلایی‌کردنەوەی بابەتێـک یان دوو بابەت پـرۆژەی هەموارکردنەکە دەخەنە بەردەم کۆمیتەی دەسـتورەوە لە پەرلەمان".

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆغان لە زاری مستەفا شەنتوپ سەرۆکی کۆمیتەی دەسـتور لە پەرلەمانی تورکیا بڵاویکردەوە کە وتویەتی پارتەکەی (ئاکەپە) لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو پـرۆژەی هەموارکردنی دەسـتورەکە پـێشکەش دەکات، لە بەهاردا ڕیفراندۆم بۆ هەموارکردنەکە سازدەکەن تاوەکو خەڵکی تورکیا دەنگی لەسەر بدات.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ماوەیەکی درێژە هەوڵ دەدات بە فەرمی دەسەڵاتەکانی خۆی وەکو سەرۆک زیاتر بکات، بە تایبەتی لەم کاتەی هیچ کەسایەتیـیەک لە وڵاتەکەدا نیـیە هێندەی ئەو جەماوەرێتی هەبێت.

ژمارەیەک لەو بەرپـرسانەی پـرۆژەی هەموارکردنی دەسـتورەکەیان بینیوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە ئەگەربێت و هەموارکردنەکە پەسەندبکرێت، ئەوا بۆی هەیە ئەردۆغان هەتا ساڵی 2029 حوکمی تورکیا بکات.

بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک