داعش بە هەزار و 800 چەكدارەوە هێرش دەكاتە سەر كەركوك


زەنگ- ده‌نگى ئه‌مريكا

بەپێی راپۆرتێکی هەواڵگیری عێراقی کە ئاڕاستەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق کراوە ، داعش دەیەوێت مانگی داهاتوو بە هەزار و 800 چەکدارەوە پەلاماری شاری کەرکوک بدات.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند، پێش شەڕی موسڵ قەزای حەویجەی رۆژئاوای کەرکوک 300 چەکداری تێدا بوو، بەڵام ئێستا دوو هەزار چەکداری تێدایە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشتر هێرشیانکردە سەر کەرکوک و دزەیانکردە نێو شارەکە 163 بۆ 169 چەکداربوون،  وتی "داعش دەیەوێت ئەمجارە بە 1800 چەکدارەوە و لەمانگی داهاتوودا لەقۆڵی مەریەم بەگەوە هێرش بکات، ئەوەش بەپێی ئەو راپۆرتەی گەیشتوەتە لیژنەکەمان".

ئامانجی سەرەکی داعش لە پیلان دانان بۆ پەلاماردانی شاری کەرکوک، کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر موسڵە کە ئێستا لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە بەشێکی ئەو شارە کۆنترۆڵکراوە.

سەبارەت بەچۆنیەتی خۆگەیاندنی ئەو دوو هەزار چەکدارە بۆ ناو حەویجە لەکاتێکدا پەیوەندی ئەو شارە بە موسڵەوە بچرێنراوە، هۆشیار عەبدوڵا وتیشی "بۆشاییەکی 4 کیلۆمەتری هەبووە بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە لەو بۆشاییەوە خۆیان گەیاندوەتە حەویجە".

 هێزی پێشمەرگەش لەتەواوی ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچ دانەوەی هەر هێرشێکی داعش.

وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشوری کەرکوک باسی لەوە كرد، پێشمەرگە هەموو ساتێک لەئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش.

قەزای حەویجەی رۆژئاوای کەرکوک کە نزیکترین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشە لەکەرکوکەوە، بریاربوو پێشمەرگە و حەشد و هێزە عێراقیەکان پێکەوە هێرش بکەنە سەری بەڵام بەهۆی رێک نەکەوتنیان هێرشەکە دواخرا.

مانگی ڕابردووتر، ژمارەیەكی زۆر لە چەكداری داعش لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردە سەر كەركوك و دوای بڵاوبوونەوەی وێنەكان، دەركەوت زۆر بە ئاسانی دزەیان كردووەتە ناو شارەكە و بە كۆڵانەكاندا گەڕاون.

بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک