زەنگ
دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا لەسەر ڕووداوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هەڵەبجە ڕاگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، چەند تیرۆرستێك دەكوژرێت و برینداریشان دەبێت.
لە ڕاگەیەندراێكدا كە وێنەیەكی دەست زەنگ كەوتووە، ئاسایشی گشتی هەرێم ڕووداوەكەی هەڵەبجە بە كارێكی تیرۆرستی دەزانێت و دەڵێت، چەن چەكدارێك بوون هاتونەتە ناوچەكە و دواتر كوژراون و برینداریشیان هەیە، لە بەرامبەردا سێ كەس لە هێزەكانی ئاسایش برینداربوون.
ئەمەش دەقی راگەیەنراوەکەی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە
ڕاگەیەندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان
بۆ بەڕێز / سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
بابەت / ڕوونكردنەوە
هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە هێزەكانی سەربە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ماوەیەكە بە هاوكاری و هەماهەنگی هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، زانیاری ئەوەیان پێگەیشتووە كە چەند چەكدارێكی نامۆ جموجوڵیان هەیە لە سنورەكەدا و دەبینرێن، دوای كۆكردنەوەی زانیاری تەواو چاودێریكردن، بەسەرپەرشتی و ڕێنمایی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور و بەهاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، هەڵسان بە كێوماڵكردنی سنورەكە، ئەوەبوو لە ڕۆژی 19/11/2016 لە نزیك ڕووباری سیروان و گوندی بۆین، چەند چەكدارێك دەبینرێ و ڕوبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و چەكدارەكاندا ڕوودەدات، لە ئەنجامدا دەست بەسەر شوێنی حەشارگەكەیاندا دەگیرێ و چەند تیرۆریستێك دەكوژرێن و بریندار دەكرێن و دەست بەسەر چەندین پارچە چەك و بەڵگەنامەدا دەگیرێ و تەرمی تیرۆریستێك دەكەوێتە بەردەستی هێزەكانی ئاسایش، لەو هەڵمەتەی هێزەكانی ئاسایشدا سێ كارمەندی ئاسایش بریندار دەبن، خۆشبەختانە باری تەندروستیان جێگیرە.
لێرەوە بەباشی دەزانین وێڕا دەستخۆشی و ماندوو نەناسی لە هێزەكانی ئاسایشی شارەزوور و هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی پارێزگا و دەزگاكانی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید و هاوڵاتیانی خۆشەویست بكەین كە هاوكار و هەماهەنگی هێزەكانی ئاسایش بوون لەو هەڵمەتەدا، دووبارە سوپاسیان دەكەین، هەروەها دڵنیایی دەدەینە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە هێزەكانی ئاسایش لە بەدواداچوون و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان لە دەست تیرۆریستان و دوژمنانی گەلەكەمان بەردەوام دەبین و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەم گروپە بەبەڵگەوە بڵاودەكەینەوە، لەگەڵ ڕێزماندا.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان
2016/11/22
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک