زەنگ
کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان لە بڵاوکراوەیەکدا داوای بەڕێوەچوونی رێپێوانێکی هێمنانە بۆ پشتیوانی لە دەنگی کپ کراوی کۆڵبەرانی سەر سنوور دەكەن.
لە ڕاگەیەندراوێكی چالاكی مەدەنی شاری مەریوان كە وێنەیەكی بە زەنگ دراوە هاتووە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو كوشتنی كۆڵبەر بە شێوەی بەرچاو زیادی كردووە.
ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەیە کە بۆ ئاسۆی رۆژهەڵات نێردراوە:
خیابان تریبوونی ئێمەیە
لە ماوەی ئەم چەن ساڵەی پێشوودا كوژرانی كۆڵبەران لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و هەروەها شوێنەكانی تریش وەك بەلووچستان و بەشی باشووری ئێران پەرەی سەندووە. بە شێوەیەك كە ڕۆژ نییە هەواڵی كوژرانی كۆڵبەرێك لە یەكێك لە شارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات نەبیسین. ئەمە لە كاتێكدایە كە دۆخی ژیانی ئابووریی چینەكانی كۆمەڵگا زۆر لە خراپ بووندایە و نەبوونی ئیش و كاری گونجاو و شیاو بووەتە هۆی ئەوەی كە بەشێك لە خەڵكی، ڕوو لە كۆڵبەری بكەن.
ئێمە دەبێت وەكوو ویژدانی زیندووی كۆمەڵگا هەوڵی جدی بدەین بۆ پێشگرتن لە كوژرانی كۆڵبەران. جا چ نرخ و بەهایەك لە گیانی مرۆڤەكان بەبایەختر و پیرۆزتر؟ كۆڵبەری تاوان نییە و كوشتنی كۆڵبەر بەدوورە لە یاساكانی مافی مرۆڤ؛ بۆیە هەموومان بەرپرسیارین و ئەبێ خەڵك هەموو یەكدەنگ بین و بە ڕێكخستنی خۆپیشاندانێكی هێمنانە دەنگی خۆمان بگەیەنینە بەرپرسانی پێوەندیدار؛ هەتا چیدی كەرامەتی مرۆڤ نەبێتە قوربانی.
وادەی ئێمە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز
كاتژمێر ١٠ی بەیانی
شوێنی كۆبوونەوە: بەر فەرمانداری مەریوان
كۆمەڵێك لە چالاكانی مەدەنی مەریوان
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک