زەنگ
بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، لقی ٢ی دادگای شۆڕشی شاری زاهێدان لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو لاوی خەڵکی سەراوان دەرکردووە.
ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە بەلووچە؛ ئەلیاس کەلەندەرزەهی و حەسەن دەهواری ڕاگەیەندراوە.
ئەو سزایە کۆتایی مانگی سەرماوەز لەلایەن قازی موحەمەد مەرزیە و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەسەر ئەو دوو زیندانییە سیاسییەی گرتووخانەی ناوەندیی زاهێدان سەپێندراوە.
تەمەنی ئەو زیندانییانە لە نێوان ٢٢ و ٢٨ ساڵە و دوو ساڵ لەمەوبەر لە هێرشێکی هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونی ئەو دوو کەسە لە شاری سەراوان دەستبەسەر کران.
ماڵپەڕی "چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران" بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، دەنووسێ: لە کەیفەرخواستی ئەو دوو زیندانییەدا هاتووە کە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی برا و مامی حەسەن دەهواری و ئەلیاس کەلەندەرزەهی، ئەوا ئازاد دەکرێن.
هێزی ئەمنییەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وێڕای هێشتنەوەی ئەو لاوانە لە ژووری تاکەکەسی، ئەوانیشی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی داوە.
سەبارەت بە دۆخی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەلووچ لە ئێراندا، ڕاگەیەندراوە کە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا بەلانیکەمەوە ٥٦ هاووڵاتی بەلووچ ئێعدام کراون و سزای هاوشێوەش بۆ ١٠ کەسی دیکە دەرچووە.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک