ئارێز عهبدوڵا
پەیوەندی باشی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە، ھەر وەکو پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕانیش.... پێویستە یەکێتی و پارتی لە ئاستی ئەو گرنگیەدا پەرە بەپەیوەندیەکانیان بدەن، بەڵام پەیوەندی باشی ئەو دوو لایەنە نابێ نە ھەڕەشە بێ بۆ سەر لایەنەکانی تر و نەخەڵکیش بەگومانەوە لێی بڕوانن. بەڵکو دەبێ بەرژەوەندی گشتی و تێپەراندنی قەیرانەکان بنەماو ئامانجی پەیوەندیەکان بن. ئەم ماوەیە باسی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی گەرمە، ئەگەر رێککەوتنەکە بۆچارەسەر کردنی قەیرانەکان و لە پێناوی گەلی کوردستان بێ مایەی دەستخۆشی و ستایش و پشتیوانی کردنە. بەڵام ئەگەر رێککەوتنەکە بەبێ چارەسەر کردنی کێشەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و حکومەت و بەبێ بەشداری لایەنەکانی تربێ ئەوا قەیرانەکان گەورە تر و قوڵتر دەکەنەوە. ئاماژەکان تا ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن کە پارتی ئەوەندەی ھەوڵی ئەوەدەدا کە یەکێتی تێکەڵی ھاوکێشەکەی خۆی بکا نیو ئەوەندە بۆ چارەسەر کردنی راستەقینەی قەیرانەکان ئامادەنیە و خەر یکە لەدەستپێشخەریکەی بارزانیش پەشیمان دەبێتەوە ...!؟ پارتی بە دەستێکی کراوەو دڵێکی سەخیەوە بۆ یەکێتی ھاتۆتە پێش. من ئەگەر ئەوە بەنیاز پاکیش لێکبدەمەوە ھێشتا ماستەکە بێ موو نابینم. بەڵام دەبێ سەرکردایەتی یەکێتی ئەوە بزانێ کە ئامانج و خواستی یەکێتیەکان چارەسەر کردنی قەیرانەکانە نەک وەدەستھێنانی چەند پۆست و پلەو پایەک (کە ھەندێک پۆست لیکاو لە دەمی ھەندێک کەس دەھێنن) بە دووبارە کردنەوەی (٣٠)ی حوزیرانێکی تر . دەبێ پێش ئەوەی باس لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و بەیەکەوە بەڕێوەبردنی وڵات بکرێ لەسەر ئەوە رێک بکەوین کە پەرلەمان کارابکرێتەوە، کێشەی سەرۆکایەتی بەیاسا چارەسەر بکرێ و سەرچاوەکانی داھات و چۆنیەتی خەرج کردنیان بخرینە سەر بەری دەست و ھەڵوێستەکانمان لەبەرامبەر رۆژئاوا و عێراق یەک بخەین دەنا رێککەوتنێک بۆ دابەشکردنەوی پۆستەکان و برا بەشی نێوان یەکێتی و پارتی دادی گەلەکەمان نادا و یەکێتیەکانیش ھەرگیز پێی قایل نابن.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک