بەفر بارین ڕێگەی دەیان قوتابخانە و چوار پارێزگای كوردستانى داخست


زەنگ

ماوەی دوو ڕۆژە بارینی بەفر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکردووە و بەپێی لێکدانەوە کەشناسییەکان، ئەگەر هەیە هەتا دوو ڕۆژی دیکە بەفر بارین درێژەی هەبێت و ئەمەش بووەتە هۆی داخرانی زۆربەی ڕێگاکان و قوتابخانەکان لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

هەواڵدەریی "فارس" لە پارێزگای ورمێ بڵاوی کردەوە، بە هۆی سەرما و بارینی بەفر، سەرجەم قوتابخانەکانی هەموو قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی بەشی سۆما و برادۆست و ناوچەی سیلوانا لە شیفتی بەیانی‌دا داخراون.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، قوتابخانەی شارەکانی، شوت، چاڵدێران، شنۆ، پیرانشار، ماکۆ و سەڵماس بە هۆی ساردیی کەش و هەواوە داخراون.

بەپێی لێدوانی ئیدارەی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، بارینی بەفر هەتا دوو ڕۆژی دیکە درێژەی دەبێت و هەروەها دابەزینی پلەی سەرما لە ٨ پلە بۆ ١٢ پلە دەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: تەواوی قوتابخانە و قۆناغەکانی خوێندن لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە، دێگولان و ناوچەی زیویە و کەڵانتەرزان داخراون.
هەروەها قوتابخانەکانی سەرەتایی شار و گوندەکانی مەریوان، بیجاڕ و هەروەها باغچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکانی کامیاران و موچش و تەواوی قوتابخانەکانی ناوچەی هەورامان بە هۆی سەرما و سۆڵەوە داخراون.

پارێزگای کرماشانیش لە شەپۆلی بەفر بارین بێبەری نەبوو. ڕێگای هێندێک لە ناوچەکانی کرماشان، شائاباد، ڕوانسر و پاوە بە هۆی بارینی بەفرەوە داخران و دەرەتانی هاتوچۆ لە هێندێک لەو شوێنانە نیە.

دەوترێ، ئەگەری ئەوە هەیە زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ شەممە بە هۆی سەرما و بارینی بەردەوامی بەفر دابخرێن.

هەروەها پەیوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئیلام لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ شیفتی سەر لە بەیانیی قوتابخانەکانی سەرەتایی ئەو پارێزگایە ڕۆژی شەممە داخراون و هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بیاننامەیەدا هاتووە، قوتابخانەکانی ناوەندی و سەرەتایی شاری ئیلام، مەلەکشاهی، ئەیوان، چەرداوڵ، بەشێک لە کارزان و بەخشی میمە، شیفتی بەیانیان داخراون.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک