كورد داوای هەڵبژاردن دەكات و عەرەب و توركمانیش قسەیان هەیە


زەنگ

لایەنی کوردی مەترسی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی هەیە ، لەکاتێکدا حکومەتی عێراقی رۆژی 16 ی ئەیلولی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقی تێدا ئەنجام بدرێت.

جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکوک قەبوڵ ناکرێت و پیشێلکردنی مافی کەرکوکیەکانە.

لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا تەنها یەکجار و لەساڵی 2005 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە ، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا حکومەتی عێراقی تایبەتمەندی بە کەرکوک داوە و هەرجارەو بەپاساوێک هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دوادەخات.

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 41 کورسی پێکهاتوە ، کورد خاوەنی 26 کورسی و تورکمان 9 کورسی و عەرەبی سونەش بەو پێیەی ساڵی 2005 بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد تەنها خاوەنی 6 کورسی یە.

نازم کەهیە رێکخەری پەیوەندیەکانی نێوان کورد و تورکمانی شیعە لە کەرکوک، ئاماژەی بەوەکرد ژمارەی تورکمان لە کەرکوک زۆر کەمترە بەراورد بەو 9 کورسیەی کە لەنێو ئەنجومەندا هەیەتی ، وتی"تورکمانی شیعە ترسیان هەیە لەوەی لەهەڵبژاردن زەرەرمەند بن و ژمارەی کورسیەکانیان کەم بکات.

پاساوی عەرەبی سونە بۆ رەتکردنەوەی هەڵبژاردن ئاوارەبوونی دەنگدەرەکانیان و چۆڵبونی ناوچەکانیانە، بەڵام تورکمانی شیعە داوای رێککەوتنی پێشوەخت لەسەر پۆستەکانی کەرکوک و پشت بەستن بەتۆمارەکانی پێش ساڵی 2003 دەکات بۆ هەڵبژاردن.

عەبدولباست دەروێش وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند"تائێستا هیچ بریارێکیان پێنەگەیشتوە سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمانگی ئەیلول ی ئەمساڵ یان ئەنجام نەدانی."

وادەی یاسایی ئەنجومەنی ئێستای پارێزگای کەرکوک ماوەی 8 ساڵە و لەساڵی 2009 ەوە تەواو بووە ، نەجمەدین کەریم ی پارێزگاری کەرکوکیش هەڕەشەی رێگەنەدان بەدانانی سندوقی هەڵبژاردنی لەپارێزگاکەی کرد بۆ دەنگدانی ئاوارەکان گەر هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک دوابخرێت.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک