فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
دوێنێ فڕیم بەدووباڵ
بەرەو ئاسمانی ساماڵ
ئای بەرزایی چەندخۆشبوو؟!
دونیام لەبەرچاو گەشبوو
هەور بەلامدا دەڕۆی
کردمی بەهاوڕێی خۆی
سەردانی ئەستێرەم کرد
سوودی هەورم بۆباسکرد
ئەویش وەک من دەزانێ
هەور باران دەهێنێ
بۆبینینی مانگ ڕۆیشتم
کاتێ کەپێی گەیشتم
وتم ئەستێرەی هاوڕێم
تۆی باش ناساندووە پێم
پێی وتم کەبەخشندەی
ڕووناکی بەئەو دەدەی
وتی هاوڕێ ڕاستدەکەی
بەڵام لەبیری نەکەی
خۆر بەخشندەو پێزانە
چونکە هاوڕێی هەموانە
دەیبەخشێ تیشکی زێڕین
بۆناو ئاسمان و زەمین
دەنگی دایکم بەگوێم هات
وتی ڕۆڵە خۆر هەڵهات!
کاتێ چاوم کردەوە
ئینجا زانیم کەخەوە.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک