زهنگ
بۆ / سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
ڕوونكردنەوە
ئاگاداری هەموو لایەك ئەكەینەوە بە پێویستی دەزانیین لە سەر كوژرانی تۆمەتبار ( هیمن محمد عزیز) ئەم ڕوونكردنەوەیە بدەین لەبەر ئەوەی ئەم كەیسە بە لاڕیدا نەبرێ و لێكدانەوەی جیاوازی بۆنەكرێ و خەڵك و ڕای گشتی پێ چەواشە نەكرێ كە ڕاستیەكەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە :
لەسەر كوژرانی تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )ی خەڵكی دەربەندیخان , ماوەیەكە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن بەئامانجی شێواندنی ڕاستەیەكان دەیانەوێت وەك ستەم لێكراو نیشانی بدەن و پەنجەی تۆمەت بۆ ئاسایش ڕابكێشن , پاڵپشت بەو بەڵگانەی لە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی دادگای ئاسایشی سلێمانی دایە ووردەكاریەكان و تەواوی ڕاستیەكان وەك خۆی بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو .
تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )كە پیشەی مامۆستیایە و برای گەورە تیرۆریست (هێرش محمد عزیز ) ـە كەلە ئێستادا لەناو داعشدایە لەگەڵا هەریەك لە تیرۆرستان ( سەباح ساڵح – ناسراوبە عبدالله ) و ( ایسماعیل محمد – ناسراو بە فاتیح كوردستانی ) و ( هەورۆ محمد – ناسراوبە ئەیوب ) كەپلەی ئەمیریان هەبووە پیلان دائەنێن بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم , تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )كە برای یەكێكە لەم ئەمیرانە وەك شانەی نەنوستوو هاوكریان دەكات بەم شێوەیە :-
دوای دزەكردنی چەكدارەكانی داعش بۆهەرێمی كوردستان و خستنە گەڕی هەوڵەكانی دەزگای ئاسایش و كۆكردنەوەی زانیاری وورد بۆ ئاشكراكردن و دەستگیركردنی تەواوی ئەوكەسانەی هاوكاری چەكدارانی داعشیان كردووە زیاتر لە (60) گومان لێكراو دەستگیركران كە تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) یەكێك لەو كەسانەیە كە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش لە 29/11/2016 لەسەر بنەمای هەواڵدەری نهێنی و چاودێری و بەدواداچون دەستگیركرا و لە ئەنجامدا : -
لەكاتی پشكنینی ماڵەكەیدا بە بڕیاری دادوەر دەستگیرابەسەر چوار ئامێری دەنگ تۆماركردن و یەك تاقم نەشتەرگەری حەوت پارچەیی و چوار دەمامكی ڕەش و چەند پارچە پۆشاكێكی كۆن , ناوبراو لەكاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە كە لەڕێگای گەورە تیرۆرست تۆمەتبار (هێرش محمد عزیز ) ی برایەوە كەلەناو داعشدایە پەیوەندی بە تیرۆرستانی داعشەوە داكات , وە بەیعەتی پێداوون , دان بەوەدا دەنێت كەلە ڕۆژی 17/11/2016 چۆتە شاری سلێمانی و چاوی بەكەسێك دەكەوێت و پیلانی ئەوە دائەنێن بۆ چۆنیەتی دەربازكردنی ئەو چوار چەكدارەی داعش كەلەناوچە سنوریەكانی هەڵەبجە لەگریانە و بۆین كە شوێنیان لەلایەن ئاسایشەوە ئاشكرا بوبوو وە تێرۆرستێكیان لێ كوژرا .
ئەوە بوو لە 26/11/2016 تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )بە ئۆتۆمبیلەكەی خۆی كەلەجۆری ئەڤیۆیە بەهاوكاری دوو تۆمەتباری دیكە بەناوەكانی ( ه . ج ) و ( ه . ج ) كە بران و ئێستا لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوون و دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە كەلە گوندی دەرەشیش لە ڕێگای قاچاخ و گوندەكانی تەپی سەفاو خێڵی حەمەوە تیرۆرستەكان دەگەیەننە هەڵەبجەی تازە .
( دەنگی تیرۆرستەكان و دانپێدانانەكانیان بە ڤیدیۆیی هەیە )
پاشان تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )هەرچوار تیرۆرستەكە دەگەیەنێتە دەربەندیخان و ماوەی سێ ڕۆژ لەماڵەكەیی خۆیدا دەیان هێڵێتەوە بەپێی ووتەی هاوسەری ناوبراویش كەلەبەردەم لێكۆڵەر و دادوەریش دانی پێداناوە كە (3) سێ ڕۆژ مەڵەكەی لەسەرداوای هێمنی هاوسەری جێ هێشتوە و چۆتە ماڵی باوكی بەبیانوی ئەوەی میوانیان هەیە, پاشان تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) و هەرچوار تیرۆرستەكە لەماڵەكەی خۆی لەڕۆژی 28/11/2016 بە ئۆتۆمبیلەكەی دەیانگوێزێتەوە بۆ نزیك گۆڕستانی گوندی كانی سارد و خۆی دەگەڕێتەوە بۆماڵی خەزوری و شەو لەوێ دەمێنێتەوە , لەسەر بڕیاری دادوەر بۆ ڕۆژی دوایی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێت و دان بە تاوانەكەیدا دەنێت و بەڕیاری دادوەر بەمەبەستی شوێن پێ هەڵگرتن و دۆزینەوەی چەكدارەكانی داعش تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) دەبرێتەوە بۆ ئەوشوێنەی كە چەكدارەكانی داعشی لێ دابەزاندووە , لەكاتی دابەزین و دەستكردن بە گەڕان بەدوای تیرۆرستان ڕوو بە ڕوو بونەوە ڕوو ئەدات و تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) لەدەست هێزەكانی ئاسایش هەڵدێـت , لەهەمان كاتدا دادوەر ئاگادار ئەكرێـتەوە لەسەر هەڵهاتنی تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) و شوێن بزربوونی , پاشان هێزەكانی دەزگای ئاسایش بەدرێژایی سەدان كیلۆمەتر كێوماڵی ناوچەكە دەست پێ دەكەن دڵنیا دەبن لە بوونی پێنج چەكداری داعش لە سنورەكە .
ئەوە بوو لە شەوی ( 1 لەسەر 2 ی مانگی 12/2016 ) چەكدارە تیرۆرستەكان لەسەر ڕێگای بەركەل سەنگاو بۆسەیەك دادەنێن لە ئەنجامدا ئۆتۆمبیلێك لەجۆری پیكاب تۆیۆتا دەكەوێتە بۆسەكەیان كە ( 3 ) سێ سەرنشینی تێدابووە داوایان لێدەكەن كە بیان گوازنەوە بۆ سەنگاو بەڵام ئەو سێ هاوڵاتیە ڕەتی دەكەنەوە هاوكاریان بن و دواتر تیرۆرستەكان دوو هەوڵاتیە مەدەنیەكە شەهید دەكەن و كەسێكیان بریندار دەكەن پاشان چەكدارەكانی داعش پەیوەندی بەكەسێكەوە دەكەن كە ئۆتۆمبیلێكی لەجۆری بارهەڵگری كەپس ئامادەبكات بۆ گواستنەوەیان بۆ سنوری جەلەولا , كە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی خانەقینەوە دەستگیر دەكرێت و لەبەر دەم دادوەردا دان بەتاوانەكەیدا دەنێـت ولە ئیستادا ناوبراو ڕگیراوە , دواتر لەشەوی 4/12/2016 چەكدارەكانی داعش كەلەماڵی تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )خۆیان حەشاردابوو لەگوندی پونگڵە دەردەكەون و لەئەنجامی ڕوو بە ڕوو بونەوەیان لەگەڵا خەڵكی گوندەكە دوانیان لێ دەكوژرێت و پاشتریش دوو چەكداری تیرۆرستی دیكە هاوڵاتیەكی مەدەنی بەناوی (محمد والی ) كەهاوكاری هێزەكانی ئاسایشی دەكرد شەهید دەكەن و پاشان هەردوو چەكدارە تیرۆرستەكە دەكوژرێن .
ئەوە بوو پاش چەند ڕۆژێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی سێوسێنانەوە تەرمێك لە سنورەكەیان دەدۆزنەوە پاش ڕەوانەكردنی بۆ پزیشكی دادوەری پشكنینی ( DNA ) بۆ دەكەن و دەردەكەوێت تەرمە دۆزراوەكە تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز )ـە كە بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەری سلێمانی لە ئەنجامی بەركەوتنی فیشەك و خوێن بەربوونی زۆر گیانی لەدەست داوە .
لەبەرامبەر ئەوەی كەسی تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) كەهاوكاری چەكدارە داعشەكانی كردوە بەشدار بووە لە تێكدانی ئارامی هەرێم و بۆتەهۆی شەهیدكردنی ( 3 ) سێ هاوڵاتی لە عەشیرەتەكانی سنوری دەربەندیخان وبریندار بوونی (5) پێنج كارمەندی ئاسایش و (1) یەك پێشمەرگەو (1) یەك هاوڵاتی , دەزگای ئاسایش پێی باش بوو پرسە بۆ تۆمەتبار (هێمن محمد عزیز ) دانەنرێت تاكێشەی كۆمەڵایەتی لێنەكەوێتەوە كە ئەمەش داوای بنەماڵەو ئەو عەشرەتانەش بووە كە شەهیدیان دابوو بۆ ئارامی هەرێم .
لەكۆتاییدا ئەم بوختان و تۆمەت هەڵبەستنانە لەلایەن چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندنەوە لەكاتێكدا چەندین تیمی تایبەتی هێزەكانمان زیاتر لە یەك هەفتەیە سەرقاڵی كێوماڵكردنی چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستانن و شەوو ڕۆژیان خستۆتە سەریەك و ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسیەوە تائارامی هەرێم و سەروماڵ و كەرامەتی هاوڵاتیان بپارێزن تا لە ڕۆژانی خۆشی و شادیدا ژیان بەڕێكەن , كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیاتان دەكەینەوە ئەم جۆرە تۆمەتانە كە خزمەت بە دوژمنانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم دەكات , سورترمان دەكات هەرێمەكەمان بپارێزین بە پشتیوانی و دڵسۆزی ئێوەی نیشتمان پەروەریش بەڵێنتان بۆ دووپات ئەكەینەوە كە خەممان تەنهاو تەنها ئاسایش و ئۆقرەیی هەرێم بێت .
لەگەڵا ڕێزماندا
ڕاگەیاندنی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک