یوسف محەمەد: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم سنورێك بۆ توركیا دانێن



زەنگ

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بارەی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر شەنگال، داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات سنورێك بۆ ئەو كارانەی توركیا دانێن.

یوسف محەمەد، لە پەیامێكدا ئەوەی ڕاگەیاندووە، هێشتا برینی جینۆسایدی كوردانی شەنگال ساڕێژ نەبووە، ناكرێت ناوچەكە بكرێتە مەیدانی جەنگ.


سەبارەت بە بۆردومانی شەنگال و ڕۆژئاوا:
پەیامێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە.
بەداخ و نیگەرانییەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هیزەکانی (پەیەشە و یەپەگە)یان لە ناوچەی شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومان کردووەو سەرەنجام کۆمەڵێ پێشمەرگەو شەڕڤان و هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون.
لە کاتێکدا بە توندی ئەم هێرشەی تورکیا ئیدانە دەکەین، داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەکەین دەکەین کە سنورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن کە پێشێل کردنی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراقە. ناکرێت لەلایەک گەلەکەمان و هێزە چەکدارە قارەمانەکانی لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستاندا بن و، لە لایەکی ترەوە خاکی کوردستان لە ژێر بۆردومانی هێزە سەربازییە هەرێمایەتییەکاندا بێت. لەم ساتەوەختەدا کە هێشتا برینی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی ساڕێژ نەبووە، نابێت ناوچەکەیان بکرێتە گۆڕەپانی جەنگێکی نەگریسی تری خوێناویی.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی کوردستان و هێوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
د. یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٥-٤-٢٠١٧
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک