وەرگێڕانی بەدەستکارییەوە:عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی.
دایە ھەمو بەیانییەک یاسەمین و ئارۆی لە خەو ھەڵدەساند،تا بچن بۆ قوتابخانە..یاسەمین دووساڵ لە ئارۆی برای گەورەتر بو، لەبەر ئەوە دەبوایە ئاگاداری بوایە و لەگەڵ خۆی بیبردایە بۆ قوتابخانەکەی کە نزیک قوتابخانەکەی ئەم بو.لە ڕێگە یاسەمین باسی ھاوڕێکانی خۆی بۆ ئارۆ دەکرد و ھەرشتێکیشی ببینیایە بۆی باسدەکرد.یاسەمین ڕۆژانە ئارۆی لەبەر دەرگەی قوتابخانەکەی جێدەھێشت و خواحافیزی لێدەکرد ،ئینجا دەڕۆیشت بۆ قوتابخانەکەی خۆی.دوای تەواو بوونی قوتابخانەش ئارۆ لەبەر دەرگە چاوەڕوانی یاسەمینی خوشکی دەکرد ، تا بگەڕێتەوە و لەگەڵیدا بڕواتەوە بۆ ماڵەوە..ئەمڕۆ ئارۆ بڕیاریدا کە بە تەنیا بڕوات بۆ قوتابخانە ، چونکە گەورەیە و ڕێگەکەش بەباشی شارەزایە.دەچێتە دەرەوە و بەلای ڕاستدا دەڕوات ، ئەوسا بەلای چەپی شەقامەکەدا پێچ دەکاتەوە و تابلۆیەکی ھەاَواسراو دەبینێت ، دوای چەند خولەکێک قوتابخانەکە دەبینێت کە بەرامبەرێتی.. ئەم بڕیارەی بە دایکی وت و سور بوو لەسەری. چونکە ھاوڕێکانی قوتابخانەی پێیاندەوت کە تۆ پێویستیت بە کەس نییە و پێویست ناکات ھەموو ڕۆژێک خوشکەکەت بتھێنێت بۆ قوتابخانە..دایکی کە زانی زۆر سورە لەسەر بڕیارەکەی زۆری لەگەڵدا نەوت و قایل بو کە بەتەنھا بڕوات ،بەڵام بە یاسەمینی وت کە دوایکەوێت و لە دورەوە چاودێری بکات .ئارۆ جانتاکەی کردە شانی و دەرچو..پاش کەمێک یاسەمینیش دەرچوو..ئارۆ بە تەنیشت دیوارەکەوە دەڕۆیشت ،کاتێک سەگێکی بینی لە دوورەوە دەوەڕی ترسا و وەستا تا سەگەکە لە چاو ونبو، ئارۆ ھەستیکرد کە ئەمڕۆ ڕێگەی قوتابخانە لە ڕۆژانی تر درێژترە .ھەستیکرد کە ڕێگەکە لەگەڵ یاسەمینی خوشکیدا نزیکتربو.ئارۆ گەیشتە قوتابخانە ، بەڵام زۆر ماندوو بێھێزبو ،چێژی لەیاریکردن وەرنەدەگرت و باشیش لە وانەکان تێنەدەگەیشت..دوای تەواو بوونی قوتابخانە ،ئارۆ بینی یاسەمین لەبەر دەرگەی قوتابخانەکە چاوەڕوانیەتی ، یاسەمین پێی وت: ئارۆ گیان چۆنی؟ حەزدەکەیت پێکەوە بڕۆینەوە یان بەتەنیا بڕۆیتەوە ؟!ئارۆ دەستی یاسەمینی گرت و وتی: ھەرچەندە رۆیشتن و ھاتنمان پێکەوە خۆشترە چونکە ڕێگەکە لەگەڵ تۆدا جوانتر و کورتتریشە، بەڵام من لەمەو دوا ھەوڵدەدەم جار جاریش بەتەنیا بێم بۆ قوتابخانە...
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک