زهنگ
پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم بەشێكی زۆر لەداهاتەكەی لەدەستداو توانای ئیدارەدانی هەرێمی نەما، بۆیە لەئێستادا داوا لەحكومەتی عیراق دەكات بكەونە ڕێككەوتنێك تا موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابینبكات.
بەپێی زانیارییە تایبەتەكانیش حكومەتی عیراق لە مانگی یازدەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ پاشەكەوت دەنێرێت. هاوكات بەرپرسانی هەرێمیش جەختلەوەدەكەنەوە، حكومەتی عیراق ئامادەیە موچەی هەرێم بدات، بەڵام وەك پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغداد دەڵێت:" حكومەتی عیراق بەئاسانی موچە نانێرێت و دەبێت دیوانی چاودێری دارایی عیراق بێتە هەرێم وردبینی بكات".
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی لەئەنجومەنی وەزیرانەوە گەیشتوون، حكومەتی هەرێم لیستی موچەی موچەخۆران ڕەوانەی حكومەتی عێراق دەكات، بۆئەوەی حكومەتی عیراق لە مانگی یازدەوە موچە بەبێ پاشكەوت دابەشبكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە لەمانگی یازدەوە موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بدات، بەڵام ئامادەنییە، موچە مانگی نۆ و دەی ئەمساڵ و موچە پاشەكەوتكراوەكانی ساڵانی پێشتر بنێرێت.
حكومەتی هەرێم تاكو ئێستا ڕاپۆرتێكی فەڕمی لەسەر كۆی گشتی قەرزەكانی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام بەپێی ئامارەنافەڕمییەكان حكومەتی هەرێم لەسەروو 25 ملیار دۆلارەوە قەرزدارە، لەو ڕێژەیەش نزیكی 7 ملیار دۆلار ئی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمە.
ئاراس شێخ جەنگی، كادری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلێدوانێكیدا به (خەڵك) وتوه، بەغداد بەڵێنی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داوە، بەڵام ئەو سیستمی مووچەیەی ئێمە هەمانە بەغداد دانی پێدا نانێت، ئەوان پێیان وایە (ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەر دامەزراوە، بۆیە مووچە دەبێت بدرێت بەو كەسانەی، كە بەڕاستی فەرمانبەرن)".
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاگەیاند، ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پەیوەستە بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق، بەڵام لەڕووی مەبدەئییەوە حكومەتی عیراق نیازی هەیە مووچەی هەرێم ڕەوانە بكات، بەڵام كاتی پێوستە ئەوەش بە ئاسانی ناكرێت.
باسی لەوەشكرد، حكومەتی عیراق داوادەكات دیوانی چاودێری دارایی عیراق بێتە هەرێمی كوردستان، تاكو وردبینی بۆ لیستی موچەی فەرمانبەران و داهاتەكانی هەرێم بكات.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک