نوسینی: عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/سیدسادق
لە قوتابخانەکەماندا (وایت بۆردێک) ی تایبەتیان دانا بوو،کە ڕۆژانە وتەیەکی جوان یان ھۆنراوەیەکی کورتیان لەسەر دەنوسی لەگەڵ ناوی خاوەنەکەی و ڕێکەوتی ئەو ڕۆژەشیان لە لاوە دەنوسی.بە دوو پێنج شەممە جارێک مەتەڵێک یان پرسیارێکیان لەسەر دەنوسی تا بۆ ڕۆژی شەممە وەڵامەکەی بدرێتەوە و لە زەرفێکدا دەمان دایە دەست مامۆستا (عوسمان) کە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو،ھەروەھا خەتێکی زۆر جوانیشی ھەبوو زۆربەی جارەکان ئەو دەینوسین.ھەندێک جاریش بەڕێوەبەر یان مامۆستایەکی تر دەینوسی.ئەوان بەرنامەیان بۆ ئەو کارە ھەر لەسەرەتای ساڵەوە دادەنا.چەندە خۆش بوو ناوی ئەو قوتابییانەی کە وەڵامەکانیان ڕاست بوو لەلایەوە دەنوسی و ھەرجارە و قوتابییەکیان خەڵات دەکرد،دیارییەکەشی پەرتوک یان گۆڤارێکی منداڵان بوو.چەندین جار دیاریم بۆ خۆم مسۆگەر دەکرد.چەند ساڵ لەو قوتابخانەیە بووم یەکێک لەو کارە جوانانەی کە زیاتر سەرنجی ڕادەکێشم ئەوەبوو ،بۆیە لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتییەوە ھەر لەسەرەتای ساڵەوە تیانوسێکم بۆ دانا و ڕۆژانە دەمنوسییەوە لە کۆتایی ساڵدا پڕبوەوە، تا ئێستاش پاراستومە.ئەوەی کە زیاتر منی والێکرد کە ئەو کارە بکەم خەتە جوانەکەی مامۆستایان و بەبەردەوامی و تازەکردنەوەی و ھەندێک ڕۆژیش وتەیەک یان ئەو ھۆنراوانەی کە ئەو بەیانییە دەیان نوسی لە پۆلدا یان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر یان بەکێک لە مامۆستاکان بۆیان باس دەکردین.بیرمە جارێکیان مامۆستا (عەلی) لە پۆلدا ئەم دێڕە ھۆنراوەیەی بۆ باس کردین کە بەیانییەکەی خۆی نوسیبووی.
ھەوڵدان ھەوڵدان ھەوڵدان پیشەمانە
بەھەوڵدان دەگەینە ئەو ئاواتەی ھەمانە
منیش زۆربەی ھاوڕێکانم والێکردبوو کە ئەوانیش ئەو کارەی من بکەن و تیانوسێکی بۆ دابنێن .زۆر خۆشحاڵبووم چونکە پێشنیارەکەی منیان بەلاوە پەسەند بوو ،تەنھا (باران) نەبێت کە سەرنجم دەدا ئەوەی نەکردبوو،کە لە کۆتایی ساڵ نزیک بووینەوە،ئیتر مامۆستایان (وایت بۆرد)ەکەیان بۆ ڕێنمایی تاقیکردنەوە و خشتەی تاقیکردنەوەکان بەکار دەھێنا ،ئێمەش بڕیارمان دا کە کۆتایی بەو نوسینانە بھێنین و سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی خۆمان ھەرکەس لە تیانوسەکەی خۆیدا تۆمار بکات.ئاگام لێبوو( باران ) لەو کاتەدا زەردەخەنەیەکی کرد و تەماشایەکی کردین ،بەڵام ھیچی نەوت.بڕیارماندا کە ھەفتەی داھاتوو تیانوسەکانمان بھێنین و نیشان مامۆستا (عوسمان) ی بدەین.ئەو لەگەڵ ئەوەی کە یاریدەدەری قوتابخانەکەمان بوو ،لە ھەمان کاتیشدا وانەی (کۆمەڵایەتی)پێدەوتین.بەو خۆشییەوە یەکترمان جێھێڵا و ھەریەکەمان بە جوان کردن و ڕازاندنەوەی ئەو تیانوسەوە خەریک بووین ،دەمانویست جوانترین نوسین بۆ کۆتاییەکەی بنوسین.من دوو لاپەڕەم نوسی،بەخەتێکی جوان ڕۆژ و ڕێکەوتەکەم نوسی .ھەفتەی داھاتوو ھەموومان ئەو بەیانییە بە دڵێکی خۆشەوە بەرەو قوتابخانە ڕێکەوتین و شیرینی و کێک و گوڵمان پێبوو بۆ مامۆستا،.کە چووینە پۆلەوە ھەموومان ئامادە بووین تەنھا (باران) نەبێت.مامۆستا( عوسمان) بە پێکەنینەوە وتی ئەی (باران) بۆ ئەم بەیانییە نەباریوە.ئێمەش پێکەنین.تەماشایەکی کردین و جارێکیتر بەڕوویەکی خۆشەوە وتی ئەوە چییە بڵێی جەژن بێت و من نەمزانی بێت؟ من ھەستام و وتم مامۆستا گیان بەڵێ جەژنە و ئێمە خۆمان ئامادە کردووە و حەز دەکەین ڕۆژێک و وانەیەکی خۆشیش بێت بۆ تۆ.(سۆما) ھەستا باسێکی کورتی بیرۆکەکەی کرد بۆ مامۆستا.ئەو زۆری پێخۆش بوو کە ئێمەی منداڵ لەو تەمەنەدا ھەستاوین بەو کارە و کارەکانی ئەوان بەرز دەنرخێنین.لەم قسانەدا بووین لەدەرگاکە درا،بینیمان (باران) ە و باوەشێک نامیلکەی ڕەنگاوڕەنگ و جوانی پێیە لەگەڵ کیسەیەک نوفڵ. من چووم و لێم وەرگرت،ئەویش وتی زۆر سوپاس (ھەڵۆ) گیان لای مامۆستاوە داینێ.وتی مامۆستا گیان داوای لێبوردن دەکەم کەمێک دواکەوتم.مامۆستا وتی :زۆر ئاساییە چونکە ئەوە یەکەمجارە تۆ دوابکەویت.بەڵام ئەمانە چین؟(باران) وتی : دڵنیام ھاورێکانم شتێکیان بۆ باسکردوویت دەربارەی ئەم وانەیە.منیش خۆم دواخست تا ئەوان ئەو ڕونکردنەوەیە بۆ بەڕێزت باس دەکەن.ئەوان بە دەست وتە و ھۆنراوە و مەتەڵەکانیان نوسیووە.بەڵام من بە کۆمپیوتەر نوسیومە و وێنەی زۆریشم لەگەڵدا داناوە لەو وێنانەی کە کاتی ئاھەنگەکانی قوتابخانە و سەردانەکانمان بۆ شوێنەکان .بە ھاوکاری باوکم و دایکم بە ئەندازەی قوتابیانی پۆلەکە و مامۆستایانی قوتابخانەکەش وێنەم لەبەر گرتۆتەوە و ھێناومە.ھیوادارم کە جێگەی ڕەزامەندیتان بێت.کە ئەمەی وت ئێمە تەماشایەکی یەکترمان کرد و پیرۆزبایی ئەو کارە جوانە و سەرکەوتنە گەورەیەمان لێکرد و سەر و دانەمان وەرگرت.ھێندە جوان بوو بەلامانەوە نەماندەزانی لە خۆشیاندا چی بکەین.نوسینەکانی خۆمان مابوو کە بۆی زیاد بکرێت، لە کۆتاییدا چەند لاپەڕەیەکی سپی بۆ ئەوە دانابوو.وتی وا خۆشە ئەوە بە دەست و پەنجەی خۆتان بینوسن.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک