شەپۆلی هاتنی ئاوارە دەستی پێكردەوە



زەنگنیوز

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی عێراق زیاتر لە 11 هەزار خێزان ئاوارە بوون.

دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرای كردووە، ئەو خێزانانەی كە لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 11 هەزار خێزانی تێپەڕاندووە.

دەرباز محەمەد ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەو خێزانانەی لە موسڵ و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری ئەو شارە ئاوارە بوون 11 هەزار و 735 خێزانە و هاتونەتە هەرێمی كوردستان.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، تا ئێستا 987 خێزانی ئاوارە گەڕێندراونەتەوە ناوچەكانی خۆیان لە دوای ئازادكردنەوەیان لە چنگی داعش.

بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئازاد كردنەوەی موسڵ كە لە 17ی ئەم مانگی (تشرینی یەكەم) دەستی پێكردووە، چاوەڕوان دەكرێت هاتنی خێزانە عەرەبەكان بەشێوەیەكی فراوان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن وەك ئاوارە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو شەڕی داعش لە ناوچەكانی عێراق، زیاتر لە 1 ملیۆن و نیو هاوڵاتی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و لە هەر سێ پارێزگای هەرێم نیشتەجێ بوون.


بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک