ئاراز لەتیف: پاكوخاوێنی هۆكاری خۆپاراستنە لە جگەری ڤایرۆسی


زه‌نگ

دكتۆر (ئاراز لەتیف قەرەداغی) پسپۆڕی ووردو نەخۆشیەكانی هەرس و جگەر لەم دیدارە تایبەتەدا تیشك دەخاتە سەر نەخۆشی (هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی) و جۆرەكانی و هەنگاوەكانی چۆنێتی خۆپاراستن لەو نەخۆشیە مەترسیدارە كەساڵانە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیان لەسەرتاسەری جیهانەوە بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

نەخۆشی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی چیە ؟

ئاراز لەتیف : جگەر وەك هەموو ئەندامەكانی دیكەی لەش تووشی هەوكردن دەبێت ، چونكە هەموو كۆئەندامێكی لەش وەك كۆئەندامی هەناسەو كۆئەندامی میزەڕۆ و ئەوانی تریش تووشی هەوكردن دەبن ، جگەریش بەهەمان شێوە تووشی هەوكردن دەبێت و یەكێك لەو هۆكارانەش  ڤایرۆسە ".

جۆرەكانی نەخۆشی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی چیە ؟

ئاراز لەتیف: ڤایرۆسی نەخۆشی هەوكردنی جگەر بە پیتە ئینگلیزییەكان ناونراون وەكو جۆرەكانی ( ئەی /بی / سی/ دی/ ئی) و چەند جۆرێكی دیكە و ئەو جۆرەی زۆر باوە بریتیە لەجۆرەكانی (ئەی /بی / سی) .
 جۆری (ئەی) ئەم نەخۆشیە هەوكردنێكی كتوپڕە ، واتە نەخۆشەكە تووشی دەبێت و پاش ماوەیەك چاك دەبێتەوە لەبەرئەوە ئەم جۆرە نەخۆشیە دەرمانی پێویستی ناوێت ، چونكە نەخۆشەكە خۆی چاك دەبێتەوە تەنیا چاودێری نەخۆشەكە دەكرێت و دەرمانی یارمەتیدەری دەدرێتێ و ئەگەر ڕشایەوە دەرمانی ڕشانەوەی دەدەرێتێ و ئەگەر ڕشانەوەكەی زۆربوو ئەوا موغەزی دەدرێتێ ، بەس دەرمانی تایبەتی بۆ ئەو جۆرە هەوكردنە نادرێت بەنەخۆشەكە و نەخۆشەكە خۆ ی چاك دەبێتەوە ، بەڵام جۆری (بی و سی) هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی ئەم دوو جۆرە دەبێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن واتا بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ نەخۆشەكە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە دەبێت و ئەوەی خراپە لەم جۆرە نەخۆشیە ئەوەیە نەخۆشەكە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە و ڤایرۆسەكە هەوكردن لەجگەریدا دروست دەكات ، بەڵام نەخۆشەكە هیچ نیشانەیەكی نیەو نیشانەكانی دەرناكەوێت لەبەرئەوە تەشەنە دەسەنێت و مەترسیدار دەبێت ".

هۆیەكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر چیە ؟

د.ئاراز لەتیف :" دیارە ئەم نەخۆشیانە هەریەكەیان لەڕێگەیەكەوە بڵاودەبێتەوە ، بۆنمونە جۆری (ئەی) لەڕێی خواردنی پیسبوو بەم ڤایرۆسە بڵاودەبێتەوە ، لەبەرئەوە گرنگترین ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لەجۆری (ئەی) هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی بایەخدانە بە پاكوخاوێنی وەك شتنی دەستەكان و پاك ئامادەكردنی خواردن و شتنەوەی سەوزە و میوە بەجوانی ئەوانە هۆكاری سەرەكی خۆپاراستنن.
جۆری (بی و سی) ئەم دوو جۆرە لەڕێگەی خوێن و سێكسەوە دەگوزارێتەوەو ئەگەر نەخۆشێك پێویستی بەگواستنەوەی خوێن بێت و خوێنێكی پیسبووی بەو ڤایرۆسە بۆ بگوزارێتەوە و خوێنەكە پشكنینی پێویستی بۆ نەكرابێت ، ئەوا دەبێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە یان بەكارهێنانەوەی دەرزی پیسبوو بە ڤایرۆسەكەو هەروەها بەكارهێنانی گوێزان و فڵچەی دەم و ددانی كەسێكی دیكە و بەكارهێنانی مەوادی هۆشبەر لەڕێی دەرزییەوە هۆكارن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە و هەروەها پیاوێك كەهەڵگری ڤایرۆسەكە بێت ئەگەری زۆرە هاوسەرەكەی تووشی ئەو نەخۆشیە بێت و بەپێچەوانەوە و ئەوانە ڕێگاكانی گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسەن ".

 هۆیەكانی خۆپاراستن و بەرگرتن لە بڵاووبونەوەی نەخۆشی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی چیە ؟

ئاراز لەتیف: بۆخۆپاراستن لەجۆری ( بی و سی) دووركەوتنەوەیە لەڕێگاكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و هەندێكیان پەیوەندی بەنەخۆشەوە هەیە و هەندێكشیان پەیوەندی بەدەسەڵاتی تەندورستیەوە هەیە و لایەنی تەندروستی لەنەخۆشخانەكاندا چەند ڕێوشوێنێكی گرتۆتەبەر لەوانە هیچ خوێنێك نادرێت بەهاوڵاتی پێش ئەوەی پشكنینی ڤایرۆسی جۆری (بی و سی) بۆ نەكرابێت لەبەرئەوە ئەمە تاڕادەیەكی زۆر دەتوانێت گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە كۆنترۆڵ بكەن.
یەكێكی دیكەی لەو ڕێگایانەی كە لایەنی تەندروستی گرتویەتیەبەر ئەوەیە هەموو كەسێك كەپرۆسەی هاوسەرگیری دەكات یاخود نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدرێت یان ئیشی ددانی بۆ دەكرێت پێویستە پێشوەخت پشكنینی ڤایرۆسی (بی و سی) بۆ بكرێت ، ئەو سیاسەتە دوو كاریگەری ئەرێنی هەیە یەكێكیان ئەوەیە نەخۆشەكە نیشانەكانی هەوكردنی جگەری تێدا دەرناكەوێت و تەندروستی لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت كۆمەلێك نەخۆشی تر بدۆزرێتەوە بۆنمونەهەڵگربن بۆ ڤایرۆسەكە و دووەم ئەگەر نەخۆشێك هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت كاتێك نەشتەرگەی بۆ دەكرێت یاخود پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدات ، ئەوا ئەوان دەتوانن رێوشوێنی تەواو بگرنەبەر بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشیەكە .

هەر سەبارەت بە ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لەهەوكردنی جگەری ڤایرۆسی كەپەیوەندی بەلایەنی تەندروستیەوە هەبێت ، بریتیەلە قەدەغەكردنی بەكارهێنانەوەی گوێزان لەسەرتاشخانەكان و لەشوێنە گشتیەكان بۆ چەند جارێك یان بەكارهێنانەوەی دەرزی لەو شوێنانەی تاتۆی تێدا دەكرێت بەبیانووی ئەوەی ئەو دەرزییە پاكژ دەكرێت ، ئەوانە سیاسەتی تەندروستین بۆئەوەی ڕێگەبگیرێت لەگواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە.
بۆ جۆری (بی) ڤاكسین هەیە و دەبێت هەموو منداڵێكی تازە لەدایك بوو كوتانی جۆری (بی) بۆ بكرێت بۆئەوەی ڤایرۆسەكە لەدایكیەوە یاخود كەسێكی دیكەوە یاخود لەداهاتوودا بەهەر هۆكارێكی دیكە بۆ منداڵ نەگوازرێتەوە و ئەو كەسانەشی پرۆسەی هاوسەرگیری دەكەن دووبارە ئەگەر لایەكیان هەڵگری ڤایرۆسەكەبن ئەوا ئەو ڤاكسینەیان پێدەدرێت و ئەوەش ڕێگایەكە لەڕێگاكانی خۆپاراستن لەو نەخۆشیە ".

  ڕێژەی نەخۆشی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی و ڕێژەی گیان لە دەستدان بەهۆیەوە چەندە ؟

ئاراز لەتیف: جیهان كراوە بەسێ بەشەوە بۆ هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی بەتایبەتی جۆری (بی) كەهەندێك لەو ناوچانە ڕێژەی ئەم نەخۆشیەیان تێدا زۆرە وەك ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاسیا كە نزیكەی لە 10%ی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و ناوچەی هەرێمی كوردستانیش لەناوچەی مام ناوەندایە كە ڕێژەی لە %2 بۆ لە5%ی دانیشتووان هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن و هەندێك ناوچەی دیكەش هەیە كەناوچەی كەم مەترسیە وەكو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا وڵاتانی پێشكەوتوو .
سەبارەت بە گیان لەدەستدان جۆری (بی و سی) دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و خراپبوونی جگەر و ڕێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەم دوو جۆرەوە زۆرترە ، بەڵام ئەگەر بتوانرێت ئەم دوو نەخۆشیە لەكاتێكی زوودا بدۆزرێتەوەو دەست نیشان بكرێت و چارەسەری پێویست وەربگرێت ، ئەوا مەترسی گیان لەدەستدان و گۆڕینی بۆ شێرپەنجەی جگەر كەمتردەبێت ".

كاریگەرییەكانی نەخۆشی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی و نیشانەكانی چیە ؟

 ئاراز لەتیف : جۆری (بی) زۆربەی لەتەمەنی منداڵیدا تووش دەبێت لەكاتێكدا دایكیان پێشتر ئەم پشكنینانەی بۆ نەكراوە و منداڵ و گەورە وەك یەك تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن ، بەڵام كە منداڵ دەبێتە هەڵگری ڤایرۆسەكە هەستی پێ ناكرێت و تەنیا لەكاتێكدا گەورە دەبێت پاشان پێی دەزانرێت.
نیشانەكانی هەوكردنی جگەر بەگشتی وەكو یەك وایە لەجۆری (ئەی) ئەم جۆرەیان سەلامەتترە نیشانەكان زیاتر دەردەكەون نەخۆشەكە هەست بەئازاری بەشی سەرەوەی سی دەكات و دڵی تێكەڵدێت و تای لێ دێت و دەڕشێتەوە لەگەڵ زەردبوونی ڕەنگی ناو چاو و پێست و ئەوانە كەئەو نیشانانە پێی دەوترێت نەخۆشی زەردویی ، بەڵام جۆری (بی و سی) زۆر لەنەخۆشەكان هەستی پێناكەن و زۆربەی كات نەخۆشیەكە لەڕێی پشكنینەكانەوە دەردەكەوێت كەئەو كەسە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە یان نەخۆشەكە كاتێكی درەنگ دێت و ئەم ڤایرۆسانە كاری خۆیان لەسەر جگەركردووە و بەماكەكانی دەردەكەوێت وەك بەرزبوونەوەی پەستانی بۆرییەكانی خوێنی سورێنچك ".

دكتۆر ئاراز لەتیف قەرەداغی ساڵی (1975) لەشاری سلێمانی دایك بوە ، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواوكردوە ، ساڵی ( 1999 ) كۆلێژی پزیشكی زانكۆی سلێمانی تەواوكردوەو ئێستا خاوەنی بڕوانامەی پسپۆڕی ووردو نەخۆشیەكانی هەرس و جگەرە .

به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ته‌ندروستى سلێمانى.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک