با ڕێگریی لە پەڕینەوەی ئاگرەكەی حەلەب بكەین


عەبدولستار مەجید

ئەوەی لە شاری حەلەب ڕوودەدات كارەساتێكی مرۆیی ھێندە گەورە و بە ئازارە، مێژووی مرۆڤایەتی تا ئەم ساتە بەخۆیەوە نەدیوە كە بەداخەوە یەكلاكردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقیلیمیەكان لەسەر ساحەی سوریا، خەڵكی بێ تاوان و مەدەنی دەبنە قوربایی و باجەكەی دەدەن، باجێك كە جەستەی ھەر تاكێكی حەلەبی پڕكردووە لە برین ! برینێك كە ساڕێژبوونی ئێجگار ئەستەمە و وەستاندنی ئەو نەزیفە بە ئازارەش بەڕاستی بووە بە مەحاڵ !
ئەوەی سوریا بە گشتی و شاری حەلەبی گەیاندووە بەمڕۆژە ناخۆش و ڕەشە، بەرژەوەندی زلھێزەكان و سیاسەتی دڕندانەی ئیقلیمیە كە نایەڵێت میلەتانی ستەمدیدە بە ئارامی و دوور لە شەڕ و خوێنڕشتن بژین !
تۆ بڕوانە ئەم زلھێزەكان و ئەوانەی شەڕی بەوەكالەت بۆ بەرژەوەندی ئەوان دەكەن، ئەم ناوچەیەیان كردووە بە چ دۆزەخێك كە شارستانێتی سەدان ساڵەی ئەم ناوچەیەیان كردۆتە مشتێك خۆڵەمێش و گۆمێك خوێن ؟!
بارودۆخی ھەریەك لەو وڵاتانەی ئاگری شەڕ و كاولكاریی تیایدا ھەڵایساوە، دەرەنجامی بەبنبەست گەیشتنی چارەسەری سیاسیانەیە كە خەڵكی ناچار بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی كردووە .
كوردیش (لە ھەر چوار پارچەكە) كەمتری لەو قوربانیانی و خوێنەی ئێستا لە ناوچەكە دەڕژێت و دەدرێت، نەداوە ! بۆ نمونە ئێمە كە لە ھەرێمی كوردستان قەوارەیەكی سیاسیمان ھەیە، خەریكە بەھۆی ناكۆكی و ھەوڵدان بۆ ملشكاندن و دەستبادانی یەكتر، ڕیسەكەمان لێدەكاتەوە بە خوری و ئەوەی دەیان ساڵە خەباتی لە پێناودا دەكەین، خەریكە سیاسیەكانمان دەیدەن بە ئاودا !
پێگەی جوگرافی ھەرێمی كوردستان كەوتۆتە شوێنێكەوە كە ھەر چواردەوری دەكوڵێت و ئاگربارانە، كە ئەگەر نێوماڵی خۆمان بەم شپرزەیی و دابەشبوون و ناكۆكی و لەیەك دووركەوتەوە بەردەوامبین، دوور نیە ناوچەكەی ئێمەش ببێتە بەشێك لەو دۆزەخە !
بۆیە پێویستە ھەرچی زووە ھێزە سیاسیەكان لە بری دەست ماچكردنی بێگانە! سازش بۆیەكدی بكەن و ھەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی لەو وەیشوومەیەی ناوچەكەی گرتوەتەوە دووربخەنەوە، چونكە ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ئێمە ھاتۆتە پێش، بە درێژایی مێژوو بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد نەھاتۆتە پێشەوە و ھەڵنەكەوتووە !
دەبێ دەسەڵاتداران و ئەوانەی كاروباری خەڵكیان بەدەستەوەیە، بیرێك لە ئایندەی ئەم وڵاتە و بكەنەوە و ئەو میللەتەی بەھۆی سیاسەتی ھەڵە و گەندەڵی كەڵەكەبووی ٢٥ ساڵی حوكمڕانییەوە دڵشكاو و تۆراوە، ئاشتیان بكەنەوە و خزمەتیان بكەن، تا ببنە پاڵپشت بۆیان و بە ھەمووانەوە ئەم قۆناغە سەختە پڕ لە ناكۆكیە تێپەڕێنین و لەبەردەم خوا و پاشان مێژوودا سەربەرزانە لێی دەربچین .
ئەگەرنا بەردەوامی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و درێژەدان بەم سیاسەتە پڕ لە نادادگەریی و ستەم و گەندەڵییە، ئایندەی ھەرێمی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە كە دوور نیە دۆخێك دروست بێت و بێتە پێشەوە، بەرگرتن لێی ئەستەم بێت !
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک