هێزێكی دیكە بۆ سوننەكان دروست دەكرێت


زەنگ

سونەکانی ناوچەی قەرەتەپەی سەر بە پارێزگای دیالە بە پشتیوانی حکومەتی عێراقی سەرقاڵی پێکهێنانی هێزی چەکدارین، کوردیش دژی ئەو هەنگاوەیە و رازی نابێت هێزی تر لە ناوچەکەدا دروست بکرێت.

محەمەد عومەر، بەرپرسی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، فەوجێکی 100 چەکداری سونەکان لە قەزای شارەبان پێکهێنراوە و هەوڵ دەدرێت بۆ دەوروبەری قەرەتەپە بگوێزرێتەوە.

محەمەد عومەر ئەوەشی خستەڕوو، گواستنەوەی ئەو هێزەی سونەکان بۆ ناوچەکە کێشەی لێدەکەوێتەوە، بۆیە کورد و پێشمەرگە بەوە رازی نابێت و رەتیدەکاتەوە.

سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە، بەڵام حەشدی شەعبی هێزیان لە ناو ناحیەکەدا هەیە و لەگوندی تاتران‌ی باشوری ناحیەکەش فەوجێکی سوپای عێراقی تێدایە، کە هەوڵ دەدرێت ئەو 100 چەکدارە سونە لەژێر ناوی گواستنەوەدا بۆ سەر ئەو فەوجە ببرێتە ناوچەکە.

سەڵاحەدین بابان، ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی قەرەتەپە، راگەیاند، وەکو ئیدارەی قەرەتەپە رازی نابن هێزی سونەکان ببرێتە ناوچەکە، چونکە کێشەی لێدەکەوێتەوە.

ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە یەکێکە لەناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دانیشتوانەکەی لە کورد و عەرەب و تورکمانی شیعە پێکهاتون ، کە هەرچەندە دام و دەزگا حکومیەکانی سەربە پارێزگای دیالەیە بەڵام کورد و پێشمەرگە تێیدا باڵادەستن.

بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک