گونجاوترين ماوه‌ى دووگيانى چه‌نده‌


زەنگ

ماوەی پێگەیشتنی دووگیانی لە هەفتەی 37 تاكو 41 هەمینی دوووگیانییە، بەڵام توێژینەوە زانستییەكان دەڵێن باشترە ئەگەر منداڵبوون خۆبەخۆ رووینەدا، خانمان پەلە نەكەن و فشار لە پزیشكان نەكەن هەر لە هەفتەی 37 دا پرۆسەی منداڵبوونیان بۆ ئەنجامبدەن، بەڵكو تاكو هەفتەی 39 و 40 چاوەڕێبكەن و ئەوكات بیر لە كۆتاییهێنان بە دووگیانی بكرێتەوە جا بە نەشتەرگەری بێت یان منداڵبوونی سرووشتی، بە دڵنیاییەوە لەژێر رێنمایی پزیشكی پسپۆڕدا.

بەپێی توێژینەوەی جۆرناڵی زانستیی پزیشكانی خانمان و منداڵبوون لە ئەمریكا، 25%ی ئەو منداڵانەی لەنێوان هەفتەكانی 37-39 بە كۆتاییهێنان بە دووگیانی لەدایكبوون  بە تێكڕا 4.5 رۆژ لە نەخۆشخانە گلدراونەتەوە بە ناچاری، بەرامبەر بە تەنیا 5%ی ئەوانەی دوای هەفتەی 39 بە هەمان ئەو رێگایانە لەدایكبوون.

ئەو منداڵانەی لەدوای هەفتەی 39 لەدایكدەبن، مێشكیان پێگەیشتووترە و ئەگەری تووشبوونیشیان بە ئیفلیجی مێشك كەمترە لەوانەی زووتر لەدایكدەن.

هەروەك سییەكانیش لە هەفتەكانی كۆتاییدا بەتەواوی گەشەدەكەن و پێدەگەن. بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەكان ئەو منداڵانەی لە هەفتەی 37 دا لەدایكدەبن، سێ هێندەی ئەوانەی لە هەفتەی 39 و 40 لەدایكدەبن زۆرتر تووشی راوەستانی هەناسە، هەوكردنی سییەكان و هەناسە توندی دەبن.

جگەریش لە هەفتەكانی كۆتاییدا گەشەی زیاتر دەكات، بۆیە ئەوانەی چاوەڕێ دەكەن تاكو هەفتەی 39 و 40 بۆ منداڵبوون، كەمتر منداڵەكانیان تووشی زەردوویی فیزیۆلۆژی قورس دەبن و ئاسانتریش چاكدەبنەوە.

 هەروەك ئەو منداڵانەی هاتنەژیانیان دوادەكەوێت بۆ هەفتەی 39 و دواتر، كێشیان گونجاوترە و چینیی چەوری ژێر پێستیان باشتر گەشەی كردووە و ئاسانتر بەرگەی كەش و هەوای دەرەوە دەگرن.

هەروەها ئەوانەی درەنگتر لە 39 هەفتەیی لەدایكدەبن، باشتر و شارەزایانەتر دەست بە خواردنی شیر دەكەن و بینایی و بیستنیشیان گەشەكردووترە.

لەگەڵ ئەو هەموو سوودەدا، بەشێك لە خانمان هەر لە هەفتەی 37ی دووگیانی داوای نەشتەرگەری منداڵبوون دەكەن و ئەو چەند هەفتەیە چاوەڕێ ناكەن تاكو منداڵێكی گەشەكردوو تەندروستتریان هەبێ.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک