زەنگ
هەندێک جار منداڵان بە چەندین کێشەی تەندروستییەوە لەدایک دەبن، کە هەندێکیان بۆماوەییە و هەندێکی تریش لە ماوەی دووگیانیدا یاخود بوونی چەند کێشەیەک لە تەندروستی دایکەکەدا لە پێش دووگیانی دروست دەبێت.
بۆیە هەمیشە پزیشکان رێنمایی دەدەن کە پێش دووگیان بوون پێویستە ژنان پشکنین ئەنجام بدەن بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان و منداڵەکانیان.
لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دایکان لە ماوەی دووگیانیشدا ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و چەند شتێک هەیە لێی دووربکەونەوە کە مەترسی پەیدا دەکات لەسەر دروستبوون و گەشەکردنی کۆرپەلە، ئەو هۆکارانەش کە دەبنە هۆی دروستبوونی شێواوی لە دروستبوونی منداڵدا ئەمانەن:
کەمی رێژەی فۆلیک ئەسید لە خوێندا: پزیشکان رێنمایی دایکان دەکەن بە خواردنی حەبی فۆلیک ئەسید لایەنی کەم سێ مانگ بەر لە دووگیانی و سێ مانگ لە ماوەی دووگیانیدا، چونکە فۆلیک ئەسید ئەگەری دروستبوونی منداڵی ناتەواو بە رێژەیەکی یەکجار زۆر کەم دەکاتەوە.
خواردنی دەرمان بە بێ رێنمایی پزیشک: بە تایبەتی لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، خواردنی هەموو دەرمانێک بە بێ رێنمایی پزیشک رێپێنەدراوە، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی شێواوی لە مێشک و کەلەی سەری کۆرپەلەدا.
تیشک (ئێکس رەی): پێویستە دایکان لە ماوەی دووگیانیدا لە (تیشک) دووربکەونەوە و ئەو شوێنەش کە ئەو کارەی تێدا ئەنجام دەدرێت، چونکە تیشک بە یەکێک لە مەترسیدارترین شتەکان دادەندرێت لە ماوەی دووگیانیدا.
هەوکردن(ئیلتیهاب)ی ڤایرۆسی: بۆیە دەڵێین پێویستە دایکان لە پێش دووگیانی پشکنین ئەنجام بدەن، چونکە بوونی ڤایرۆس لە لەشی دایکەکەدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی منداڵ بە شێواوی.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک