زەنگ- تەندروستی سلێمانی
كۆلیك یان غازاتی منداڵی تازە لەدایكبوو، حاڵەتێكە دەبێتە هۆی گریانێكی زۆر لە منداڵەكەدا بۆ زیاتر لە ۳ كاتژمێر لە ڕۆژێكداو زیاتر لە ۳ ڕۆژ لەهەفتەیەكداو بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ هەفتە كە ئەمەش یاسای ژمارە ۳ ی پێ ئەوترێت.
نزیكەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە ئەبێت، زۆربەی كات لە ئێوارەو شەودا واتە پێش نیوە شەو ڕوو ئەدات و لەتەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتەدا بڕی ئەو گریان و غازاتە ئەگاتە لووتكە.
هۆكارەكانی زیادبوونی ئەم جۆرە غازاتە
هەرچەندە هیچ هۆكارێكی دیاری كراوی نیە، بەڵام ئەم خاڵانەی كە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەكرێت لەوانەیە ئەو غازاتە زیاد بكەن:
۱- باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشك و دەمار.
۲- هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.
۳- ئەو منداڵانەی كە شیری دایكیان ئەخۆن لەوانەیە هەندێك خواردن كە دایكی ئەیخوات هۆكار بێت بۆ زیاد بوونی غازات.
٤- ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو ئەخۆن لەوانەیە هەندێ پڕۆتینی ناو شیرەكەیان پێ نەكەوێت.
٥- زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.
٦- ئەو دایكانەی كە جگەرە لە كاتی سكپریەكە ئەكێشن ڕێژەی غازات لە منداڵەكانیاندا دوو ئەوەندە زیاد ئەكات.
۷- ئەگەر دوای شیر خواردنەكە نۆشی نەكات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ نۆش كردن.
۸- منداڵێك كە كێشی كەم بێت لەكاتی لە دایك بووندا.
۹- ئەگەر منداڵەكە برسی بێت.
۱۰- ئەگەر منداڵەكە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سوڕێنچكی.
ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی كەمبونەوەی ئەم جۆرە غازاتە
۱- پێویستە منداڵەكە زۆر لە باوەش بگیرێت، تەنانەت ئەوكاتانەی كە ناشگری.
۲- ئەتوانی بتڵێك ئاوی گەرم یان مەمە شوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت بەمەرجێك زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەكە بگەیەنێت ، لەسەر سكی منداڵەكە دابنرێت.
۳- دایكی شیردەر هەوڵ بدات منداڵەكەو لایەكی سنگی بەتاڵ بكاتەوە انجا بیبەیتە سەر لاكەی تر.
٤- هەوڵ بدە دەست بەسەر سكی منداڵەكەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی كاتژمێر.
٥- ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو ئەخۆن باشترە جۆری شیرەكە بگۆڕن نەوەك هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.
٦- پێویستە دایك زوو زوو منداڵەكەت بخاتە سەر شان.
۷- دایك ئەتوانیت منداڵەكە لەسەر سكی بیخاتە سەر قاچەكانی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا جووڵە بە قاچەكانت بكە بۆ ئەوەی ماساج بە سكی منداڵەكە بكرێت.
۸- زۆر جار منداڵ كاتێك ئەیخەیتە ناو سەیارە و لەكاتی ڕۆیشتنی سەیارە منداڵەكە بێ دەنگ ئەبێت، بۆیە دایك و باوك سوودی زۆر لە سەیارە ئەبینن.
چ كاتێك پێویست بە بینینی پزیشكی پسپۆڕ دەكات
هەندێك كات هەندێك نیشانە هەن كە نیشانە نین بۆ بوونی غازاتی ناوسكی منداڵ، بۆیە دەكرێت دایكان و باوكان هۆشیاربن و لەمكاتانەدا منداڵەكە نیشانی پزیشكی پسپۆڕ بدەن، ئەو نیشانانەش بریتین لە:
۱- ئەگەر تای هەبێت.
۲- پیساییەكەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.
۳- ڕشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.
٤- ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی كەمی كرد.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک