زەنگ
بەمەستی گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی کشتوکاڵکردنی ناو خانووی پلاستیک، رێکخراوی خانووی پلاستیکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دام ودەزگاکانی حکوومەت کۆبوەوە و قائیمقامی سلێمانی-ش رایگەیاند بەھەموو شێوەیەک پشتیوانی بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ دەکەین.
ئەمڕۆ ٩/٣ بەمەبەستی بەدواداچونی کێشەو گیروگرفتەکانی کشتوکاڵی خانووی پلاستیک بەئامادەبوونی قائیمقامی سلێمانی، و بەشێک لە دام ودەزگا حکومیەکان و کەسانی پسپۆڕی کشتوکاڵی ھەردوو رێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری و خانووی پلاستیکی لە ھۆڵی رێکخراوی کیدۆ کۆبونەوە و کێشە وکەموکورتیەکانی کشتوکاڵی ناوخانووی پلاستیک گفتوگۆی لەسەرکرا.
ئاوات محمد قائیمقامی سلێمانی وتی: پێویستە لە کاتی قەیرانەکاندا کۆبونەوەکانمان زیاد بکەین تا پێکەوە بتوانین بەسەر کێشەو گیر و گرفتەکانماندا سەرکەوتووبین، دەستخۆشیتان لێدەکەین، وەک دام و دەزگاکانی حکومەت بە ھەموو شێوەیەک ھاوکار و پشتیوانتانین و ئەوەی بە ئێمە بکرێت ئەنجامی دەدەین بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ.
وەک ھەنگاوی یەکەمی کردەیی کۆبونەوەکە ھەرلە کۆبونەوەکەدا بریاردرا کە ئامادەکاری بکرێت بۆ کردنەوەی خولی راھێنان بۆ ئەندازیارانی کشتوکاڵی و جوتیاران.
کشتوکاڵکردن لە خانووی پلاستیکی بەرھەمھێنان زیاترە و کۆنترۆڵکردنی بەروبومەکانیش ئاسانترە، جگە لەوەش لەناو ھەرخانوویەکی پلاستیکیدا، سیستمی ھەوای ساردو گەرمو ھەواگۆڕکێیان تێدایە و بەپێی وەرزەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و تاڕادەیەکی باش بەرھەمی ناوخۆیان زیادکردووە.
کۆمینتی مالپهر
کۆمێنتی فهیسبووک