سكچوون و رشانەوە لە منداڵاندا



زه‌نگ- ته‌ندروستی

لە جیهاندا سكچوون بە یەكێك لە نەخۆشییە هەرە مەترسیدارەكان دادەنرێت، بە پێی راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسی گەورە لەسەر ژیانی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان دروست دەكات ئەگەر بەزووی چارەسەرنەكرێت.  

پاكوخاوێنی و هۆشیاری تەندروستی و بەزوویی سەردانكردنی نەخۆشخانە لەكاتی توشبووندا منداڵەكەت بەدوور دەگرێت لەو مەترسیە گەورەیە.

هۆكارەكانی سكچوونی منداڵان:

ئاوی پیس و خواردنی ناخاوێن، هۆكاری سەرەكی سكچوون و رشانەوەن بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، ئەو منداڵانەی شیری دایكیان دەخۆن كەمتر توشی سكچوون دەبن خۆ ئەگەریش سكچوون بگرن ئەوا ئاسانتر چارەسەر دەكرێن و زووتر چاك دەبنەوە.

بەگشتی، بەهۆی سكچوونەوە ئاو لە لەشی منداڵدا كەم دەكات و دەبێتە هۆی وشكبوونەوە، ئەگەر وشكبوونەوە بگاتە رێژەیەكی دیاریكراو ئەوكات مەترسی لەسەر گیانی منداڵەكەت دروست دەكات، ئەگەر چەند رۆژێك منداڵ سكی بچێ و بڕشێتەوە و چارەسەر وەرنەگرێ ئەوا لەسەدا 20ی كێشی منداڵەكەت كەم دەكات و چیتر منداڵ بەرگە ناگرێت.

نیشانەكانی سكچوونی منداڵان:

سكچوون و وشكبوونەوە و تینویەتی نیشانە سەرەتاییەكانن و پاشان نیشانەكانی تر بەدەردەكەون كە ئەوانیش بریتین لە :
- تۆخبوونی رەنگی میز بەبەردەوامی
- كەم میزكردن یاخود میزنەكردن
- كەمبوونەوەی چالاكی و وزەی لەچاو رۆژانی ئاسایی 
- بێ هێزی و نەبوونی ئارەزوو بۆ خواردن
- وشكبوونەوەی دەم و لێو و گریانی بێ فرمێسك.

نیشانە هەرە مەترسیدارەكان بەهۆی سكچوونی منداڵانەوە:

هەندێكی نیشانەی تر هەیە كە بەهۆی سكچوونەوە منداڵ توشی دەبێت و ئەگەر زوو بەزوو چارەسەرنەكرێت ئەوا ژیانی لەمەترسیدایە لەوانە:
- ئەگەر منداڵەكە شیر یان ئاو نەخوات.
- ئەگەر منداڵەكە چاوی زۆر بەقوڵا بچێت.
- ئەگەر منداڵەكە دەست و قاچی ساردبووەوە.
- ئەگەر منداڵەكە زۆر خەواڵووبوو. 
- ئەگەر هەناسەدانی زۆر خێرابوو.

رێنمایی/

* بۆ پاراستنی منداڵ لە سكچوون، زۆر گرنگە لە لەدایكبوونیەوە  تا تەمەنی دوو ساڵ شیری دایكی بخوات.
* گرنگیدان بە پاكوخاوێنی منداڵ بەتایبەت لە رووی كوڵاندنی ئاوی خواردنەوە و خاوێنی قاپ و كەوچك و ئەو شتانەی كە پەیوەندەی راستەوخۆی هەیە بە خواردنی منداڵەوە.
* دەتوانرێت تەنها بە گرتنە بەری رێوشوێنی پاك و خاوێنی ئاو و خواردن بە رێژەی لەسەدا 95 رێگری بكرێت لە توشبوون بە سكچوون و رشانەوە.
بینیره‌ بۆ

ده‌رباره‌ی زه‌نگ نیوز

تۆریکی هه‌والی بیلایه‌نه‌
    کۆمینتی مالپه‌ر
    کۆمێنتی فه‌یسبووک